سبەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی بەشی یەکەمی پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێت، جووتیاران دەتوانن بۆ وەرگرتنی چەکەکانیان سەردانی سایلۆ بکەن.
هێمن سەید موراد کە هاوکات بەڕێوەبەری بەوەکالەتی سایلۆی هەولێریشە ئاماژەی بەوە دا، "ئەو پارەیەی سبەی دابەش دەکرێت قۆناخی یەکەمە و بەو جووتیارانە دەدرێت کە لە 14 و 15 و 16ی مانگی حوزەیراندا گەنمیان رادەست کردووە و بڕەکەشی دوو ملیار دینارە".
پارەی گەنم بە گوێرەی کاتی رادەستکردنی گەنمەکە بە سایلۆکان دەدرێت. هەر جووتیارێک زووتر گەنمی رادەستی سایلۆ کردبێت زووتر پارەکە وەردەگرێت. هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش پێکەوە دەست بە دابەشکردنی پارەی جووتیاران دەکەن.
لە پارێزگاکانی عێراق لە 20ی نیسانەوە گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە 10ی حوزەیران لە هەولێر و 14ی حوزەیران لە دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە لە سایلۆکاندا دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا. تاوەکو ئێستا 98٪ـی گەنمەکە وەرگیراوە.
ئەمساڵ عێراق 390 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. لە کاتێکدا بە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە کە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە دوو ملیۆن تۆن زیاتر بووە. بەو هۆیەوە گەنمێکی زۆری جووتیاران ماوەتەوە و جووتیاران نازانن لە کوێ ساخیبکەنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی لە ماوەی رابردوودا دوو بیرۆکەیان بۆ ساخکردنەوەی ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە هەبوو.
رۆژی 10ی ئاب پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سێ کۆمپانیادا واژۆکرا. لەمەودوا ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆ لە جووتیار دەکڕنەوە.
پرۆژەکە ساڵی 2021 دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت هەرێمی کوردستان لە بەرهەمەکانی گەنمدا بگاتە خۆبژێوی.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایەگەیاند، "ئەم پرۆژەیە بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانمانە. دڵنیاتان دەکەینەوە ئەم بەرهەمانە دەبنە بەرهەمی کوالیتی بەرز کە لەژێر چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەونە بازاڕەکانەوە".
لە قۆناخی یەکەمی پرۆژەکەدا کۆمپانیاکان 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بە نرخێکی زیاتر لە بازاڕ دەکڕنەوە و دەیکەن بە ئارد، ساوەر، بڕوێش، گەنمەکوتاو و بەرهەمەکانی دیکەی گەنم بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ. بۆیە ساڵی داهاتوو هاوردەکردنی ئارد و بەرهەمەکانی دیکەی گەنم بۆ بازاڕەکان قەدەخەدەکرێت.
کۆمپانیاکان کە ئاش و کارگەی تایبەت بە خۆیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دادەمەزرێنن، چاویان لەوەیە جگە لە پێداویستیی ناوخۆ بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوەش بکەن.
rudaw
