مەسروور بارزانی: ھەرێمەکەمان و ناوچەکە گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە

مەسروور بارزانی: ھەرێمەکەمان و ناوچەکە گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی 74ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی دەکات و رایدەگەیێنێت، پارتی بەدرێژایی مێژوو قەڵایەکی پۆڵایین بووە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستای کوردستانیش کە "رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە" داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات یەکڕیز و تەبابن.


ئەمڕۆ شەممە 15-08-2020، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی باوکی، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت "پیرۆزبایی 74ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی رێبەری نەتەوەیی و نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی لە هەموو کوردستانییەکی تێکۆشەر و دڵسۆز و بە تایبەتی هەموو لایەنگر و ئەندام و سەرکردایەتی پارتی دەکەم."

مەسروور بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "دامەزراندنی پارتی وەک گەورەترین و سەردەمیانەترین حیزبی دیموکرات و جەماوەری، لە فراوانترین پانتایی جوگرافی لە سەرتاسەری کوردستان، وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەماندا، کە هەموو ئازادیخوازێکی لەژێر چەتر و رێبەرایەتی باوکی نەتەوەییمان بارزانی نەمر کۆکردەوە و رۆحی بەرگریکردن و خۆڕاگری لە ناخی هەموو نیشتمانپەروەرێکدا زیندوو کردەوە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، کە بە درێژایی مێژووی "پارتی خاوەنی سەدان داستان و سەرکەوتنە و چەندین دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان بە دەستهێناوە و قەڵایەکی پۆڵایین بووە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا و هەموو ئازادیخوازێک لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

مەسروور بارزانی پێیوایە "بڕوای نەگۆڕی پارتی لە خەباتی بەردەوام و خۆنەچەماندن، وایکرد لەگەڵ لایەن و پارتە تێکوشەرەکانی دیکە، کیانی کوردستانی بێتە سەرنەخشەی سیاسەتی جیهانی". دەشڵێت: "پارتی و بارزانی بوونە رەمزی داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان. هەر بۆیەش پەلاماری دووژمنان پێش هەموو لایەک بۆ سەر پارتییە."

سەبارەت بە یادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانیش دەڵێت "سەرۆک بارزانی وەک رابەرێکی نیشتمانی، چ لە بەرەکانی شەڕ دژی دووژمنان و تیرۆریستان و چ لە سەر ئاستی دیپلۆماسیی جیهانی، ئیرادەی گەلی کوردستانی سەرخست و پێکەوەژیانی گەلانی لە کوردستان زیاتر بەرجەستە کرد و ئومێد و بڕوا بەخۆبوونی گەلەکەمانی بە مافە رەواکانی زیندوو کردەوە."

مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە ھەرێمەکەمان و ناوچەکە، گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە، "باشترین رێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەر لە ھەر شتێک یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە، هیوادارم گشت لایەکـ، بەرپرسیارانە تواناکانمان یەک بخەین بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە، بە سەر کۆسپ و سەختییەکان زاڵ بین و هەموو کێشەکانی دەڤەرەکەش لەڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکەین."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی هەردوو بۆنەکەدا، رایدەگەیێنێت "بە تایبەتی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و كەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمیاباران و زیندانییانی سیاسیی گەلەکەمان دەکەم. ئەم یادە پیرۆزە پایەداربێت و هیوای تەمەندرێژی بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی دەخوازم و ئومێدەوارم لە ژێر رێبەرایەتی ئەودا، گەلەکەمان بە هەموو ئاواتەکانی بگات."



rudaw
Top