وەزیری تەندروستی: ڕێگە نادەین لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان قۆرغکاری بکرێت
د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەبێت ئەو نەخۆشانەی کۆرۆنا بەخۆڕایی وەربگرن کە جێگایان نامێنێت لە نەخۆشخانە حکوومییەکان، ئەوانەش بە ئارەزووی خۆیان دەچن، ئەوە نرخەکانی چارەسەری کۆرۆنا کەم کراوەتەوە بۆ 50% ئەو نرخانەی کەوا پێشووتر کەم کرابووەوە".
جەختیشی کردەوە: "سەرجەم نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەبێت پابەند بن و بە دوو قۆناغ نرخەکانمان کەم کردەوە تاوەکوو قۆرغکاری نەمێنێت، ڕێگەش نادرێت پێشێلی ئەو نرخانە بکرێت، ئەوەی کراوە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا کردوومانە و چاودێریی نەخۆشخانەکانیش دەکەین و ڕێکاری توندمان گرتووەتە بەر".
لە هەرێمی کوردستان 45 نەخۆشخانەی مۆڵەتدراوی ئەهلی هەیە.
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش دا: "کەمتر لە1% ی نەخۆشانی کۆرۆنا چووەنەتە نەخۆشخانەی ئەهلی، ئەویش یان شوێن نەبووە لە چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکان، یان کەسی نەخۆش خۆی بە ئارەزووی خۆی بڕیاری داوە بچێتە نەخۆشخانەی ئەهلی".
وەزیری تەندروستی گوتیشی: "ئەوەی کە شوێن نەمێنێت لە نەخۆشخانەی حکوومی و ئەوەی لەلایەن نەخۆشخانەی حکوومییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەهلی بکرێت، چارەسەر و مانەوەی بەخۆڕاییە".
هەفتەی ڕابردوو دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانە ئەهلییەکان، وەزیری تەندروستی، چەند بڕیارێکی دا، لەوانە: "هەر تووشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی حکوومییەوە بنێردرێتە نەخۆشخانەی ئەهلی، بێ بەرامبەر چارەسەر دەکرێت و هەر تووشبوویەکی کۆرۆنا بە ئارەزووی خۆی بچێتە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، نرخی مانەوەی زۆر هەرزان دەکرێت، پاش ئەوەی 50%نرخەکان داشکاندنیان بۆ بکرێت، جارێکی تر 50%ی نرخەکان داشکاندنی بۆ کراوە".
باسنیوز
