ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی: دەکرێت 486 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بووبن

ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی: دەکرێت 486 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بووبن


ئامارەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەریدەخەن، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی "مەترسیدار". بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی ئامارێکیان رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا 8.1%ـە.

ئەگەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە شەش ملیۆن کەس مەزەندە بکرێت، ئەوا ئەو رێژە بە ژمارە دەبێتە 486 هەزار کەس. چیمەن ئاکرەیی، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێژەی تووشبوون رۆژانە دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر تێکڕای تووشبوون لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وەربگیرێت، رێژەی تووشبوون دەگاتە 8.1%. واتە لە هەر 100 پشکنینی کۆرۆنا، دەردەکەوێت زیاتر لە هەشت کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات، هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان تەنیا پابەندنەبوونە بە رێنماییە خۆپارێزییەکان. "خەڵک هەیە بە رواڵەت دەمامک بەکاردەهێنێت، بەڵام کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانیا دادەنیشێت دەمامکەکەی لادەبات وەک ئەوەی کۆرۆنا لەنێوان هاوڕێکاندا نەگوازرێتەوە".

بە گوتەی چیمەن ئاکرەیی، ئەگەر تووشبوون 5%ـی پشکنینەکان کەمتر بێت، ئەو کاتە بارودۆخەکە بە ئاسایی دادەندرێت، بەڵام ئێستا تووشبوون لە هەرێمی کوردستان 8.1٪ـە و ئەوەش دەریدەخات کۆرۆنا زۆر بڵاوبووەتەوە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 20 هەزار و دوو کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 11 هەزار و 28 تووشبوو چاکبوونەوەتەوە و 712 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین ژمارەی تووشبووی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانییە، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوو ژمارەی تووشبووان بە خێرایی لە پارێزگای هەولێریش بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیکەی هەفتەیەکە تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەولێر گەیشتووەتە لووتکە و پێشبینیدەکەن ئەم هەفتەیەش بە بەرزی بمێنێتەوە و دوای ئەوە تووشبوون کەمبێتەوە.

لە دوایین پەیامیدا، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە هاونیشتمانیان دەڵێت "خۆپارێزی لە کۆرۆنا زۆر ئاسانە، بەڵام تووشبوون بە کۆرۆنا زۆر قورسە" بۆیە داوایان لێدەکات زوو زوو دەستەکانیان بە ئاو و سابوون یان ماددەی پاککەرەوە بشۆرن.


rudaw
Top