رێكخستنەوەی خاڵە گومرگییەكان خێراتر كرا
عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی گووتی: دەست بەھەموو رێكارەكان كراوە بۆ ڕێکخستنی کاری گومرگ و خاڵە سنوورییەکان و بە تایبەتیش دیاریکردنی میکانیزمی کارکردنی ئەو بەڕێوبەرایەتییە. وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ کار لەسەر میکانیزمی کارەکانی ئەم بەڕێوبەرایەتییە دەكەن و رێگری لە ھەموو كارێكی نایاسایی و بێ سەروبەری خاڵە سنوورییەكان دەكەن.
محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش جەختیكردەوە، بە درووستکردنی بەڕێوبەرایەتی چاودێری گومرگی بۆ چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەكان سەرجەم ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەیە لە خاڵە سنوورییەکان چارەسەر دەکرێن، بەتایبەت کە ئێستا لەچەند خاڵێکی گومرگیدا ناڕوونی ھەیە و بەشێك لە داھاتەكانیشان دیار نین.
بەڕێوبەرایەتی چاودێری گومرگەکان راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت و لە سەرجەم خاڵە گومرگییەکانی ھەرێمی کوردستان بەرپرس دەبێت لە چاودێریکردنی بازرگانی و کوالێتی و ئەو مامەڵانەی لە رێگەی ئەو خاڵە سنووریانەوە دەکرێن و ئەمەش وادەكات كۆتایی بھێنێت بەو بۆشاییە یاسایی و بێسەروبەرییەی لە بەشێك لە خاڵە سنوورییەكاندا ھەیە.
k24
