کچە قوتابییەکی هەژار کە مەلزەمەی قەرزکردووە، نمرەیەکی بەرز بەدەستدەهێنێت

کچە قوتابییەکی هەژار کە مەلزەمەی قەرزکردووە، نمرەیەکی بەرز بەدەستدەهێنێت
کچە قوتابییەکی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە ماڵباتێکی هەژار لە قەزای مەخموور، نمرەیەکی بەرز بەدەستدەهێنێت، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش بەڵێنی پێدەدات تاوەکو کۆتایی کابینەی نۆیەم هاوکاریی ماددی ئەو قوتابییە بکات.

قوتابییەکە ناوی لای رووداو پارێزراوە، (ز) خوشکی قوتابییەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باوکی پێشمەرگە بووە و 19 ساڵە خانەنشین بووە، بەدەست چەند نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش نەشتەرگەریی گورچیلە و گەدەی بۆ کراوە.

باوکی ئەو قوتابییە مووچەی خانەنشینی هەیە کە 240 هەزار دینارە، د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش بڕیاریداوە مانگانە بڕی 240 هەزار دینار لە مووچەکەی بدات بەو قوتابییە.

قوتابییەکە لە بەشی زانستییە، کۆنمرەی لە پۆلی 12ـی ئامادەیی 674 بووە. (ز) باسی لەوەکرد، خوشکەکەی رۆژانە خۆی زۆر ماندوودەکرد و بەنیازبوو لە بەشی پزیشکیی گشتی وەربگیرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ نمرەی بەرز بەدەستهاتوون، رەنگە نەتوانێت لەو بەشە بخوێنێت. گوتیشی بەهۆی کەمدەرامەتی هەندێکجار "مەلزەمە و بەشێک لە پێداویستییەکانی خوێندنی لە هاوڕێ و خزمەکانمان وەردەگرت".

کێشەی ئەو خێزانە تەنیا نەخۆشییەکانی باوکیان نییە، پێنج خوشکن و دایکیشیان نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵە و ناتوانێت کار بکات. هاوکات هیچ برایەکیان نییە کاریان بۆ بکات.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارەکەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەڕێگەی بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموورەوە مانگانە هاوکارییەکە دەگەیێندرێتە ئەو قوتابیە. ئەمڕۆش یەکەم بڕی هاوکارییەکەیان پێگەیشتوو



rudaw
Top