بڕیاری دروستکردنی 11 ناوچەی پیشەسازی دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە

بڕیاری دروستکردنی 11 ناوچەی پیشەسازی دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە
بەرپرسێکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد دروستکردنی ١١ ناوچەی گرنگی پیشەسازی لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و بەھۆیەوە ھەزاران ھەلی کارکردن دەڕەخسێنێت.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری کارگێڕیی و یاسایی دەستەی وەبەرھێنان ڕاگەیاند: "دوای بڕیاردان لەسەر دروستکردنی 11 ناوچەی پیشەسازی، ئێستا پێویستی و کارەکانی دروستکردنی ئەو ناوچە پیشەسازییانە لە ناوەندی پارێزگاکان و ئیدارە و ھەندێک قەز تەواو بووە کە بڕیارە لەلایەن وەبەرھێنەرانەوە جێبەجێ بکرێن".

گوتیشی: "پلانەکە بە شێوەیەک دانراوە کە دوای تەواوبوونیان، لەلایەن کۆمپانیای تایبەتەوە تەواوی خزمەتگوزاری و پێویستییەکان بگەیەندرێنە ھەریەکە لەو ناوچە پیشەسازییانە".

ئەو بەرپرسەی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژەی بەوەش کرد: "ھەر یەکە لەو ناوچە پیشەسازییانە پێکدێن لە دەیان کارگەی گەورە و مامناوەند و بچووکی بەرھەمھێنانی پێویستی و مادە جیاوازەکان کە بەھۆیەوە کەرتی پیشەسازیی ناوخۆ بەھێز دەبێـت و ھەزاران ھەلی کاریش دەڕەخسێت و وردەوردەش پێویستیی ھاوردەکردنمان کەم دەکەینەوە".










باسنيوز
Top