برای تووشبوویەکی کۆرۆنا: لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ پێنج شەو 10 هەزار دۆلارمان لێ وەرگیراوە

برای تووشبوویەکی کۆرۆنا: لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ پێنج شەو 10 هەزار دۆلارمان لێ وەرگیراوە

نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە هەولێر هەزار و 500 دۆلاری بۆ هەر شەوێک لە تووشبوویەکی کۆرۆنا وەرگرتووە، برای تووشبوویەکی کۆرۆناش کە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت چارەسەر وەردەگرێت بۆ پێنج شەو 10 هەزار دۆلاریان داوە، واتە بۆ هەر شەوێک دوو هەزار دۆلار دەکات، دەشڵێت، بۆ دابینکردنی پارەکە ئۆتۆمبێلیان فرۆشتووە.

رووداو چووە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەولێر کە پێنج تووشبووی کۆرۆنایان لە بەشی چاودێریی چڕ لەلایە، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە ئەگەر وەزارەتی تەندروستی لە دابینکردنی ئۆکسجین، پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هاوکارییان بکات، بە کەمتر لە 200 دۆلار چارەسەری تووشبووانی کۆرۆنا بکەن.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 50 نەخۆشخانەی تایبەت هەن، بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو هێشتا بەشێکیان پابەند نین بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان.

بەگوێرەی دوایین رووپێویی دەستەی ئامار کە لە ساڵی 2018 کراوە، خەرجیی ساڵانەی تاک لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 868 هەزار دینار بووە، پێشبینییەکانیش بۆ ئەوە دەچن کە ئەمساڵ رێژەکە دابەزیبێت.

وەزارەتی تەندروستی نرخی شەوێک مانەوەی لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دیاریکردووە، کە تەنیا قەرەوێڵەیەک بەبێ ئۆکسجین 500 هەزار دینارە و تاوەکو ژووری چاودێریی چڕ پارەکە دەگاتە سەرووی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار، جارێکی دیکە وەزارەتی تەندروستی بەشێک لە نرخەکانی تاوەکو 50٪ داشکاند، بەڵام هێشتا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

ئێستا زیاتر لە 40 نەخۆشخانەی حکومی لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆرۆنا تەرخانکراون، بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە کۆی 18 هەزار و 766 تووشبوو، حەوت هەزار و 436 تووشبوو لە ژێر چارەسەردان.



rudaw
Top