حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان دابین دەکات

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان دابین دەکات
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاشکرای کرد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە تەرخان کردووە و تا ئێستاش بەغدا بەڵێنی ناردنی مووچەی بۆ فەرمانبەرانی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان نەبردووەتە سەر.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕاگەیاند: "دوای بوومەلەرزەکەی چەند ساڵی پێش ئێستا و زیانگەیاندن بە بەشێک لە بەنداوەکە، حکوومەتی بەغدا بەڵێنی دا بڕە پارەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخان بکات، بەڵام تا ئێستا ئەو پارەیەی نەناردووە، بەدەر لەوەش تا ئێستا مووچەی چوار مانگی٤٠٠ فەرمانبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستانی نەناردووە".

گوتیشی: "ھەرچەند 10 ڕۆژ پێش ئێستا بەڵێنی دا مووچەی نەدراوی چوار مانگ بنێرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو بەڵێنەشی نەبردووەتە سەر".

ڕەحمان خانی باسی لەوەش کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە تەرخان کردوە و دەستمان بە کارکردن کردووە، بەڵام پێویستمان بە ھەندێک پارەی دیکەش دەبێت بۆ ئەوەی بەشەکانی دیکەی بەنداوەکەش نۆژەن بکەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە داوایەکی دیکە دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان".

بەنداوی دەربەندیخان لە ساڵی ١٩٦١ لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی و فەڕەنسی و ڕۆمانی دروست کراوە کە بەنداوێکی گڵ و بەردینە و بەرزییەکەی (١٢٨) مەترە و پانییەکەی لە سەرەوە (١٧) مەترە، درێژییەکەی (٥٣٥) مەترە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی ھەیە.








باسنيوز
Top