گرێبەستی پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران واژۆکرا

گرێبەستی پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران واژۆکرا

پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سێ کۆمپانیادا واژۆکرا، لەمەودوا ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆ لە جووتیار دەکڕنەوە.

پرۆژەکە ساڵی2021 دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت هەرێمی کوردستان لە بەرهەمەکانی گەنمدا بگاتە خۆبژێوی.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایەگەیاند، "ئەم پرۆژەیە بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانمانە. دڵنیاتان دەکەینەوە ئەم بەرهەمانە دەبنە بەرهەمی کوالیتی بەرز کە لەژێر چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەونە بازاڕەکانەوە".

لە قۆناخی یەکەمی پرۆژەکەدا کۆمپانیاکان 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بە نرخێکی زیاتر لە بازاڕ دەکڕنەوە و دەیکەن بە ئارد، ساوەر، بڕوێش، گەنمەکوتاو و بەرهەمەکانی دیکەی گەنم بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ. بۆیە ساڵی داهاتوو هاوردەکردنی ئارد و بەرهەمەکانی دیکەی گەنم بۆ بازاڕەکان قەدەخەدەکرێت.

کۆمپانیاکان کە ئاش و کارگەی تایبەت بە خۆیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دادەمەزرێنن، چاویان لەوەیە جگە لە پێداویستیی ناوخۆ بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوەش بکەن.

ئەلەند مەحوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای قەیوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم پرۆژەیە دەتوانێت پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمەکانی گەنمدا پڕ بکاتەوە. رەنگە لە قۆناخی دواتردا هەرێمی کوردستان بتوانێت ئاردیش هەناردەی دەرەوە بکات".

کڕینەوەی گەنمی زیادەی جووتیاران هیچ پەیوەندییەکی بە گرێبەستی ئاشەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاردی بەشەخۆراکی مانگانە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق نییە.

ئەمساڵ حکومەتی عێراق تەنیا 390 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. لە کاتێکدا بە گوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ نزیکەی دوو ملیۆن تۆن بووە، بەوەش زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنمی زیادە ماوەتەوە کە جووتیاران هەر تۆنەی بە 200 هەزار دینار زەرەر لە بازاڕەکاندا فرۆشتوویانە. سەرباری ئەوەش ساڵانە بەبەردەوامی گەنمی هاوردەکراو لە بازاڕەکاندا هەیە.

دلێر جووتیارێکی ناوچەی زرارەتی هەولێرە، ئەمساڵ 300 تۆن گەنمی هەبووە، بەڵام حکومەتی عێراق لێی نەکڕیوەتەوە و لە بازاڕەکاندا بە زیانی 30 هەزار دۆلار فرۆشتوویەتی. ئەو چاوی لە ساڵی داهاتووە لەبری زیان سوود ببینێت.

دلێر سدیق، جووتیارە و دەڵێت، "ئەگەر حکومەت ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکات و بە نرخێکی گونجاو بیکڕێت، پێی رازین".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 44 هەزار و 500 جووتیار لەسەر رووبەری سێ ملیۆن و 69 هەزار دۆنم زەوی گەنم دەچێنن.




rudaw
Top