وەزارەتی تەندروستی: ئەگەر ھاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکان بن تا کۆتایی ئەو مانگە مەترسییەکانی کۆرۆنا کەم دەبنەوە
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند ئەگەر ھاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن، بە دڵنیاییەوە تا کۆتایی ئەو مانگە مەترسییە قورسەکانی پەتای کۆرۆنا کەم دەبنەوە.
د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "تا ڕادەیەکی باش ھاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەڵام ھێشتا تا ئاستی تەواوەتی نییە و ئەوەش وای کردووە ڕۆژانە ڕێژەی تووشبوان بە پەتاکە لە بەرزبوونەوەدا بێت".
گوتیشی: "وەک وەزارەتی تەندروستی ڕادەگەیەنین کە ئەگەر ھاووڵاتیان تا سێ ھەفتەی دیکە واتە تا کۆتایی ئەو مانگە، بەتەواوەتی پابەندی رێنماییە خۆێارێزییەکانی کۆرۆنا بن، ئەوا بە دڵنییایەوە دۆخەکە کەمێک ئاسایی دەبێتەوە و مەترسییەکانی ئێستای پەتاکە بەو شیێوە قورسە نامێنێ، بەپێچەوانەوە کارەساتی گەورە چاوەڕێ دەکرێت کە ھیوادارین نەگەینە ئەو حاڵەتە".
د. محەمەد قادر باسی لەوەش کرد: "ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکان سەرپشک کراون بۆ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ، بۆیە تا ئێستا ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی ھیچ پێشنیازێکمان بۆ ئەو مەبەستە نەداوەتە وەزارتی ناوخۆ".
باسنيوز
