وەزارەتی پەروەردە 10 نمرەی دیکە بە قوتابیانی پۆلی 12 دەداتەوە

وەزارەتی پەروەردە 10 نمرەی دیکە بە قوتابیانی پۆلی 12 دەداتەوە
c

دوای کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی، بەهۆی هەندێک هەڵە لەنێو پرسیارەکاندا وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک لە خوێندکاران و مامۆستایانەوە رووبەڕووی رەخنەی تووندبووەوە.

رۆژی 6ی ئاب وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، "لە وانەکانی زیندەزانی و عەرەبی و ئینگلیزی و کوردی و کیمیا هەڵە هەبووە بۆیە 32 نمرەی بۆ خوێندکاران گەڕاندەوە".

ئەو 32 نمرەیە خوێندکارانی قایل نەکردووە و گردبوونەوەیان کرد و پێیان وایە هێشتا هەڵەی دیکە هەیە کە راست نەکراونەتەوە و نمرەکەیان بۆ نەگڕاوەتەوە.

کاژاو خالد، خوێندکاری پۆلی 12یە و دەڵێت، "پرسیارەکانی پێنج تاقیکردنەوە راستکراونەتەوە، واتە هەڵە هەبووە و، ئێمەش پێمان وایە هێشتا هەڵەی دیکە ماوە بۆیە داوامان کردووە کە ئەو هەڵانەی دیکە لە وانەکانی زیندەزانی و ئینگلیزی ماون کە زیاتر لە 20 نمرە دەکات، پێمان بدرێتەوە".

شایان ئاکام، خوێندکاری پۆلی 12یە و دەڵێت، "بوونی هەڵە لە پرسیاری تاقیکردنەوەکان زۆر کاریگەریی خراپی لەسەر دەروونمان هەبووە و تەنانەت هاوڕێم هەبووە کە بینیویەتی لە وانەی زیندەزانی هەڵە هەیە، ئیتر تاقەتی ئەوەی نەماوە کە بۆ وانەکانی دیکە کۆشش بکات و وازی لە تاقیکردنەوەکان هێناوە"





rudaw.

مامۆستایانی پۆلی 12ش پێیان وایە بەشێک لە پرسیارەکان دوو وەڵام و و سێ وەڵامیان بۆ بووە و هەندێک لە پرسیارەکانیش هیچ وەڵامێکی راستیان بۆ نەبووە لە کاتێکدا دەبوو پرسیارەکان بە جۆرێک بن کە هەر پرسیارێک لە کۆی چوار وەڵام بژارەیەکی راست بێت.

هەرێم عەبدولقادر، مامۆستای زمانی ئینگلیزیی پۆلی 12یە و باسی لەوە کرد، "بوونی ئەو هەموو هەڵەیە لە تاقیکرندەوەکان جێی شەرمە، نەدەبوو ئەو هەموو جۆرە هەڵە جۆری و ماناییە لەنێو پرسیارەکاندا هەبوونایە و دەبێت لیژنەی باڵای دانانی پرسیارەکانی وەزارەتی سزا بدرێن".

لەدوای گردبوونەوەی ئەو خوێندکارانە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە کە جارێکی دیکە بە پرسیارەکاندا بچێتەوە و نزیکەی 10 نمرەی دیکە بۆ خوێندکاران بگەڕێنێتەوە
Top