پۆلیسی راپەڕین: شوانێک بە گوللـەی هێزە چەکدارەکانی ئێران برینداربو
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بریندارێک بەناوی (ج . ش . ح ) لەدایکبوی ساڵی 1986 پیشەی کاسب، دانیشتوی گوندی (توەسوران) سەر بە ناحیەی سەنگەسەر ـ قەزای پشدەر ( قەڵادزێ) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە شوێنەواری دو گوللە بەسەر جەستەیەوە هەیە.
لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەشەوە بریندار بوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، بە وتەی خۆی "لە بناری قەندیل شوان بوە و کاتێک خەوی لێکەوتوە ڕانە مەڕەکەی سنورەکانی ئێرانیان بەزاندوە و دوای ئەوەی خەبەری بوەتەوە ویستویەتی بچێت بیانهێنێتەوە، بەڵام لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەشەوە بریندار بوە".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەشکردوە، دوایی فریاگوزاری سەرەتایی لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێری و باری تەندروستی جێگیرە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.
خەندان
