پارێزگاری سلێمانی: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومەت دروستدەکرێت

پارێزگاری سلێمانی: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومەت دروستدەکرێت

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکیاندا بە ئامادەبوونی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، بڕیاری پێویست لەبارەی دەستکردن بە دیاریکردنی رێکارە یاسایی و تەکنیکی و ئەندازەییەکان بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومەت دراوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکە لەسەر ئەوە رێککەوتین و بە کۆنووسیش دەیدەینە دەستەی وەبەرهێنان کە هیچ پارەیەکی دابینکردنی خزمەتگوزاریی یەکەکان نەکەوێتە سەر حکومەت و هاووڵاتیان. زەمینەیەکی دارایی و ئابووری و بازرگانی گونجاو بۆ وەبەرهێنەری دروستکردنی یەکەکان دەخوڵقێنین تاوەکو لەسەر ئەرکی خۆی کارەکە جێبەجێبکات بێئەوەی هیچ پارەیەک بچێتە سەر نرخی تێچوونی ئەو یەکانەی کە بۆ فەرمانبەرانی سوودمەندنەبوو دروستدەکرێن.

دەربارەی ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون و شوێنی دروستکردنیان، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی" کێشەی زەوییمان نییە، کێشەی قەبارەی یەکەکان و ژمارەی داواکارییەکانمان هەیە."

پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی داواکارییەکمان ئاراستەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کرد، وەڵامیان داینەوە کەوا لەلایەن پارێزگاوە لیژنەیەک بۆ ئەم مەبەستە پێکبهێندرێت بەمەرجێک شارەوانی یان پارێزگا زەوی دابین بکات.

هەڤاڵ ئەبوبەکر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، لەژێر رۆشنایی داواکەی دەستەی وەبەرهێنان چەند کۆبوونەوەیەکمان کرد و لیژنەی لاوەکیمان پێکهێنا و ئەمڕۆ (09-08-2020) لیژنە باڵاکەمان کۆبووەوە. "چ وەکو سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی و چ ئێمە وەکو پارێزگای سلێمانی ئامادەییمان دەربڕی بۆ دابینکردنی زەوی و هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان وەکو شارەوانی و ئاو و کارەبا و وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون."

پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوەش دەدات، بۆ ئەوەی هەموو لایەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پلانی سلێمانی بەرنامەیەک دابنێن بۆ ئەم کارە، لیژنەیەکی کردارییان دروستکردووە، کە لە حەوت ئەندازیاری پسپۆڕ پێكهاتوون، ئەوان دەرخستەیەک ئامادەدەکەن و پڕۆپۆزەلێک دەخەنە بەردەم لیژنە باڵاکە.


rudaw
Top