روونکردنەوەیەک لە عەبدولڕەزاق عەلییەوە: من فەیسبووکم نییە

روونکردنەوەیەک لە عەبدولڕەزاق عەلییەوە: من فەیسبووکم نییە

عەبدولڕەزاق عەلی، رۆژنامەنووس و راگەیاندنكار و كادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی ئەو ئەكاونتانەی بە ناوی ئەوەوە لە (فەیسبووك) دروست كراون و قسەی ناشیاو دژ بە خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و هەروەها باوەڕداران و پێڕەوكارانی ئایین و مەزهەبە جیاوازەكان، دەنووسرێت و بڵاو دەكرێنەوە، جارێكی تر بۆ هەموو خوێنەران و بەشدارانی سۆشیال میدیا و خەڵكی كوردستانی رادەگەیەنێت: ”من فەیسبووكم نییە و لە ئایندەشدا نامبێت، بۆیە دەمەوێ دۆست و نەیار و خەڵكی ئاسایی بزانن، كە هەرچی ئەكاونتێك بەناوی من و وێنەی منەوە دروست كراون، فەیك و ساختەن و ئەوانەی دروستیان كردووە بەرپرسیارێتیی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتیی ئەو سووكایەتی و جنێوانەی دژ بە هەر جۆرە خەڵكێك دەنووسرێن، بەرپرسیارن“.
ئەمەی خوارەوە دەقی روونکردنەوەكەی عەبدولرەزاق عەلییە كە بۆ (باسنیوز)ی ناردووە:
پاش ڕاوەستانێکی کەم، دیسان جاسووسە جنێوفرۆشەکان کە چەند ساڵە بە ناوی منەوە فەیسبووکێکی ساختەیان کردووەتەوە و سووکایەتی بە هەمووان دەکەن، گەڕانەوە سەر سەنعاتە کۆنەکەیان و جارێکی تر لەو پەیجە ساختەیەوە کە بەناوی منەوە دروستیان کردووە، کەوتنەوە جنێو و سووکایەتی بە خەڵکی بەڕێزی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان... ئەگەرچی دەیان جار ڕوونم کردووەتەوە، بەڵام بە پێویستی دەزانم ئەمجارەش ڕای بگەیەنم: ئەو پەیجە ساختەیە و من بە هیچ جۆریک فەیسبووکم نییە و ناشمبێت. هەروەها ڕای دەگەیەنم کە هەرچی جنێو بە خەڵک دەدرێ و سووکایەتی بە خەڵکی بەڕێزی ئەم وڵاتە دەکرێ لەو پەیجە ساختەیەوە، لە ڕووی قانوونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەوە، ئەو دەزگا و کەسانە لێی بەرپرسیارن و من نەک هەر دوور و نزیک پەیوەندیم پێوە نییە، بگرە بە دەنگی بەرز ئیدانەی ئەو ساختەکاری و تاوان و بەدئەخلاقیانە دەکەم..
بۆ هەموو خزم و برادەر و خەڵکی بەڕێزی کوردستانی دووپات دەکەمەوە: من نە فەیسبووکم هەیە نە لە داهاتووشدا دەمبێت..
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتمدا.
عەبدولڕەزاق عەلی
هەولێر- یەکشەممە ٩\٨\٢٠٢٠ See Less
Top