سێشەممە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

سێشەممە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەم هەفتەیە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.

مەیادە نەجاڕ، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە رۆژی سێشەممە 2020/08/11 شاندی دانوساندنکاری هەرێمی کوردستان بە مەستی دەسپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان بگاتە بەغدا و قۆناخی باشیش لە گفتوگۆکان بڕاوە".

ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، ئەوە ماوەتەوە کە لەسەردانەکەدا شاندی هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی نێوانیان بکەن و واژۆ لەسەر رێککەوتنەکە بکرێت.

مەیادە نەجاڕ دەڵێت، "ناتوانم رۆژی واژۆکردنی رێککەوتنەکە دەستنیشان بکەم، بەڵام هەموو رێکارەکان تەواوبوون و رێککەوتن کراوە و ئینشائەڵلا ئەنجامێکی باشی دەبێت کە خزمەتی هەرێمی کوردستان بکات".

لە چەند مانگی رابردوودا زیاتر لە شەش جار شاندی ھەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا. لە هەر سەردانێکدا ئامانجیان رێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام بووە.


rudaw
Top