له رێگه‌ی چه‌ند كۆمپانیایێكهوه گه‌نمی جووتیاران له‌ناوخۆ ده‌كڕدرێته‌وه
له‌م باره‌شه‌وه حوسێن حه‌مه كه‌ریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە داوه و لە ماوەیەکی نزیکدا گرێبەستەکە واژۆ دەکرێت.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکەی بەجۆرێك داناوە، كه بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ جووتیاران جێبەجێ دەکرێت و بە دەیان کارگە لە سه‌رجه‌م پارێزگاكانی كوردستان دروست دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی بە ھەزارەن ھەلی کار دەڕەخسێندرێت.
هاوكات فه‌تحی محه‌مه‌د، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی دەڵێ: خاكی كوردستان بە پیتە، ئەوەیش دەرفەتێكی باشە بۆ بە پیشەسازی كردنی ئەو بەرھەمانەی كە لەگەنم دروست دەكرێن.
پڕۆژەی کڕینەوەی گەنمی جووتیاران یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بونیادنانی ژێرخانی پیشەسازی و پاراستنی ئاسایشی خۆرك له ھەرێمی کوردستان .
بەگوێرەی پڕۆژەکە، ساڵانە ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیاران دەکردرێتەوە لە بەرامبەردا ئەو بەرھەمانەی لێ دروست دەکرێن، کە لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن، وەك: ساوار، بڕوێش، ئاردی سپی، سریلاك و گەنمە کوتا.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی پڕۆژەکەش ئەو بەرھەمانەی کە دروست دەکرێن ھاوردە کردنیان قەدەغە دەکرێت.
k24
