ئارین مەسروور بارزانی چاڵێنجی دەمامک بەستن بڵاودەکاتەوە
ئارین مەسروور بارزانی، کوڕی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چاڵنجی دەمامک بەستنی راگەیاندووە، ئەوەش دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە هەولێری پایتەخت.
ئارین مەسروور بارزانی لەبارەی هۆکاری راگەیاندنی چاڵنجەکەوە نووسیویەتی، "پێویستە هەموومان دەمامك ببەستین، تاوەکو هۆشیاریی گرنگیی بەکارهێنانی دەمامك بەرزبکەینەوە و یارمەتی سەقامگیربوونی بارودۆخەکە بدەین".
دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 507 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە لە 24 کاژێردا دەستنیشانکراون کە زۆرترین ژمارەی تووشبووی دەستنیشانکراوە لە رۆژێکدا لە هەرێمی کوردستان.
هەر کەسێک بیەوێت بەشداری لەو چاڵنجە بکات، دەبێت هاشتاگی #AreenMaskChallenge بنووسێ و وێنەیەکی بە دەمامکەوە دابنێت. ئارین مەسروور بارزانی ئەوەشی گوتووە "با پێکەوە سەلامەتیی کۆمەڵگە، خێزان و هاوڕێکانمان بپارێزین".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستان 16 هەزار و 84 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، نۆ هەزار و 843 تووشبوو چاکبوونەتەوە و ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە، 611 کەس
rudaw
