بەرگریی شارستانیی سلێمانی کێشەی نەبوونی پێداویستیی هەیە

بەرگریی شارستانیی سلێمانی کێشەی نەبوونی پێداویستیی هەیە

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی گرفتی کەمیی پێداویستییان هەیە: لە کۆی 84 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە 31 ئۆتۆمبێلیان لە کار کەوتوون. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بودجەی بەگریی شارستانیی سلێمانی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە.

کەموکوڕییەکانی ئامێر و کەلوپەل لە بەرگریی شارستانی سلێمانی بە جۆرێکە کە بەشێک لە قەزاکانی هەرێمی کوردستان کەرەستە و بودجەیان لە پارێزگایەکی دوو ملیۆنیی وەکو سلێمانی زیاترە.

عەمید دیار رەئووف، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێمە لەسەر هەوڵ و هاوکارییەکانی پارێزگاری سلێمانی و قایمقامی سلێمانی ماوە، ئەگەرنا دەبوو دامانخستایە، چونکە ئەو بودجەیەی بۆمان دەنێردریت بەهیچ شێوەیەک بەشمان ناکات. پێشتر شەش ملیۆن و نیو بوو کە بەشی نەدەکردین، بەڵام ئێستا ئەویشیان کردووە بە %50، بۆیە بەشمان ناکات".

سلێمانی 43 بنکەی ئاگرکوژێنەوەی تێدایە. بەپێی ستانداردی جیهانی پێویستە هەر بنکەیەک دوو ئۆتۆمبێلی ئاگوکوژێنەوەی هەبێت، بەڵام بە هەموو بنکەکانی سلێمانییەوە تەنیا 53 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان هەیە. هاوکات 15 ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزارییش لە کۆی 59 ئۆتۆمبێل کار ناکەن و بەشێک لە کەرەستەکانی دیکەشیان خراپ بوون.

ئەوە جگە لەوەی لە مانگێکدا بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئۆتۆمبێلەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تەنیا بۆ سووتەمەنی پێویستیان بە 27 ملیۆن دینار هەیە، بەڵام مانگانە تەنیا 3سێ ملیۆن دیناریان بۆ هەموو پێویستییەکان بۆ تەرخان دەکرێت.

نەقیب رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی باسی لەوە کرد، "ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە ئۆتۆمبێلی تایبەتن و ئەو کاتانەی کە دەردەچن بۆ کارێک، دەبێت بە بەردەوامی کار بکەن. هەروەها کێشیان قورسترە بۆیە بە سووتەمەنیی زۆرتر کاردەکەن، بەڵام زۆرینەی ئۆتۆمبێلەکانی ئێمە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە ناتوانین سوودیان لێ ببینین. هەروەها بەشێکی زۆری دیکەی ئامێرەکانمان لەکارکەوتوون و بودجەی نۆژەنکردنەوەمان بۆ خەرج ناکرێت".

عەبدوڵڵا ئەحمەد بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی دەڵێت، "بەهۆی کەمیی کەرەستەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانییەوە دەیان هەزار دۆنم دارستان و رەز و باخ و پووش و پاوان سووتان و لەراستیشدا دەبوو لە زۆرینەی ئەو شوێنانەی مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیان لەسەرە ئۆتۆمبێلی ئاگوکوژێنەوە هەبێت، بە نموونە دەبوو لە چیای ئەزمڕ و گۆیژە دوو ئۆتۆمبێلی جێگیر هەبوونایە بۆ ئەوەی فریای ئاگرکەتنەوەکان بکەون، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمیی ئەو ئۆتۆمبێلانەوە چەندین جار ئاگر زیانی زۆری بە دارستان و پووش و پاوانەکانمان گەیاندووە".

تەنیا لە حەوت مانگی ئەمساڵدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 300 جار ئاگر لە چیا و شاخ و دەشتاییەکان بەربووە و بەهۆیانەوە بە هەزاران دۆنم لە پووش و پاوان سووتاون کە ئەگەر کەرەستەی پێشکەوتووتر دابین بکرایە بۆ بەرگریی شارستانیی سلێمانی، زیانەکان هێندە زۆروزەوەند نەدەبوون.



rudaw
Top