جۆن بۆڵتۆن: زۆر گرنگە كورد پەیوەندی خۆی بپارێزێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و كۆنگرێس و پنتاگۆن

   جۆن بۆڵتۆن:  زۆر گرنگە كورد پەیوەندی خۆی بپارێزێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و كۆنگرێس و پنتاگۆن
جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری پێشوی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، رایگەیاند، پێویستە ئەمریكا لانیكەم دان بە دەوڵەتی كوردی دابنێت بۆ ئەو بەشەی كوردستان كە لە عێراقدایە. وتیشی، پێویستە كورد خۆی ئامادەبكات بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەمریكا، جا جۆ بایدن بیباتەوە یان ترەمپ.

پێموانییە ئەمریكا سیاسەتێكی كاریگەری لەبارەی كورد هەبێت. ماوەیەكی زۆرە بۆچونی من ئەوەیە هەڵوەشانەوەی عێراق سودمەندە

راوێژكاری پێشوی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا، لە گفتوگۆیەكی كەناڵی روداو، رایگەیاند"پێموانییە ئەمریكا سیاسەتێكی كاریگەری لەبارەی كورد هەبێت. ماوەیەكی زۆرە بۆچونی من ئەوەیە هەڵوەشانەوەی عێراق سودمەندە. پێویستە ئەمریكا لانیكەم دان بە دەوڵەتی كوردیدا بنێت بۆ ئەو كوردستانەی لە چوارچێوەی عێراقدایە. پرسیارەكە قورسترە بۆ كوردانی نیشتەجێی دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە. بەڕای من ئەمە شتێكە كە پێویستە ئەمریكا ستراتیژیانە لەبەرچاوی بگرێت. لەبەرئەوەی دەكرێ ئەنجامەكانی زۆر گرنگ و ئەرێنی بن."

ئەوە لەژێر كاریگەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئەو كەسانەدا بو كە هیچ كات لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبون

سەبارەت بەوەی بۆچی ئیدارەی ترەمپ، پشتیوانی ریفراندۆمەكەی 2017ی كوردستانی عێراقی نەكرد، بۆڵتۆن وتویەتی"پێموایە ئەوە لەژێر كاریگەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئەو كەسانەدا بو كە هیچ كات لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبون. هەروەها لەگەڵ دابەشبونی عێراق نین. یان دان بەو راستییە دانانێن كە عێراق پارچە پارچە بوە."

بۆڵتۆن پێشیوایە"ریفراندۆم لانیكەم، لە پرەنسیپدا، بیرۆكەیەكی باشبو بۆ باوەڕهێنانی خەڵكی جیهان بە بەهێزی هەستی كورد بۆ سەربەخۆیی."

هەروەها سەبارەت بەوەی كە بۆچی لەكاتی هێرشەكانی هێزە عێراقییەكاندا بۆ سەر ناوچە جێناكۆكەكان لە 16ی ئۆكتۆبەر، ئەمریكا بێ هەڵوێست بوە، جۆن بۆڵتۆن وتویەتی"لەبەر هەمان ئەو هۆكارە بو كە دژی ریفراندۆم بون."

بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئێران بە دیاریكراوی، هەرگیز هیچ رێگەیەكی كاریگەر نییە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لە عێراق حكومەتێك دروست ببێتەوە هاوشێوەی ئەو حكومەتە بێت كە لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی دروستبو

بۆڵتۆن دەربارەی هەڵوێستی ئیدارەی ئەمریكا سەبارەت بە كورد، وتویەتی"ئیدارەی ئەمریكا بەگشتی و بەدڵنیاییشەوە كۆنگرێسی ئەمریكا لەسەر بنەمایەكی كۆدەنگ، بە رێژەیەكی زۆر هاوسۆزن لەگەڵ کورد. بەڵام هەستێكی باش رێكخراو نییە. لەوباوەڕەدا نیم بە تەواوی ئاگاداری ئەو رەوشە سەختانەبن كە كوردیان تێدەكەوێت. هێشتا هەستێكی بەهێز هەیە لای كەسانێك كە هیواخوازن عێراق دابەش نەبێت، وەك پێشتر وتم. بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئێران بە دیاریكراوی، هەرگیز هیچ رێگەیەكی كاریگەر نییە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە لە عێراق حكومەتێك دروست ببێتەوە هاوشێوەی ئەو حكومەتە بێت كە لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی دروستبو و بە روخانی سەدام حسێن كۆتایی هات. بەڕای من شتێكی ناواقیعییە. پێموایە ئەوەش لەبەرئەوەیە كە ئەو كەسانە لە گرنگی سەربەخۆیی دیفاكتۆیی كورد لە باكوری عێراق، لە پتر لە 25 ساڵی رابردودا، تێناگەن. "

لێكدانەوەیەكی هەڵە درایە ترەمپ سەربارەت بە رۆڵی كورد لە عێراق و سوریا لە شەڕی دژی داعشدا

دەربارەی ئەوەی بۆچی بۆ دۆناڵد ترەمپ رون نەكراوەتەوە كە بۆچونەكەی لەبارەی ئەوەی كورد لە عێراق و سوریا لە شەڕی داعش بەبێ ئێف 16 هەر رادەكەن، بۆڵتۆن وتویەتی"پێموایە چەند كەسێك بۆیان رونكردەوە كە هەڵەیە. گومان لەوەدا نییە كە هەمو كەسێك لەگەڵ F16 دەتوانێ باشتر شەڕ بكات. لێكدانەوەیەكی هەڵە درایە ترەمپ سەربارەت بە رۆڵی كورد لە عێراق و سوریا لە شەڕی دژی داعشدا. نازانم لە كێی بیستبو. لەوانەیە بەرلەوەی من بگەمە لای، ئەو قسانەی لە ئەردۆگان یان كەسانی دیكە بیستبێت. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوە بۆچونی زۆرینەی بەرپرسانی پنتاگۆن نەبو كە شان بەشانی كورد شەڕیان كردبو لە تەواوی شەڕی دژی داعشدا. بەڵام ئەوە یەكێكبو لەو شتانەی كە چوبوە نێو سەری ترەمپەوە. كە شتێكیش چوە سەریەوە، هاتنەدەرەوەی زەحمەتە."

من کۆتاییەکانی 2019 دەستم لە كاركێشایەوە. زۆرترین سەرقاڵیم لە كۆتایی 2018 بو. ئەوكاتەی ترەمپ بە پێشنیارێکی ئەردۆگان رازیبو بۆ كشاندنەوەی هەمو هێزەكانی ئەمریكا لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا. ئێمەش ترەمپمان رازیكرد كە ئەوە بیرۆكەیەكی باش نییە

سەبارەت بە كوردانی سوریاش بۆڵتۆن ئەوەی خستۆتەڕو"من کۆتاییەکانی 2019 دەستم لە كاركێشایەوە. زۆرترین سەرقاڵیم لە كۆتایی 2018 بو. ئەوكاتەی ترەمپ بە پێشنیارێکی ئەردۆگان رازیبو بۆ كشاندنەوەی هەمو هێزەكانی ئەمریكا لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا. ئێمەش ترەمپمان رازیكرد كە ئەوە بیرۆكەیەكی باش نییە. ئەوەی لە ساڵی 2019 دا رویدا، گوشاری بەردەوامی ئەردۆگان و تورکیا بو بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا. سەرئەنجام لە كۆتایی 2019 سەركەوت لەو هەوڵەیدا. ئەو كارەی بە ترەمپ كرد كە دەیویست 2018 پێی بكات. ئەمجارە سەركەوتوتر بو. بەڵام وەك تۆ گوتت، ترەمپ رازیبو جارێكی دیكە بەو بڕیارەدا بچێتەوە. ئەوە بەشێكە لە سەختی هێشتنەوەی ترەمپ لەسەر پەیڕەوكردنی هەمان سیاسەت بۆ ماوەیەكی درێژ. نازانم ئەم بارودۆخەی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا تاوەكو كەی بەردەوام دەبێت. ئەوە یەكێكە لە هۆكارەكانی نیگەرانیم لە دوبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ. دوای 3ی نۆڤەمبەر، ناتوانرێت بگوترێ هەنگاوی دواتری چ دەبێت، ئەگەر دوبارە هەڵبژێردرێتەوە. ئێستا ئازادە لەو سنوردارییە سیاسییەی پێشتر تێیدا بو كە لە كۆتایی 2018 پەشیمانی كردەوە و وامانكرد دڵنیابین لە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا."

زۆر گرنگە كورد پەیوەندی خۆی بپارێزێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و كۆنگرێس و پنتاگۆن

هەروەك وتویەتی"بە تێڕوانینی من زۆر گرنگە كورد پەیوەندی خۆی بپارێزێت لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و كۆنگرێس و پنتاگۆن. كورد لەم شوێنانە پشتگیری زۆرتری هەیە لەبەر چەندین هۆكار. یەكێك لە هۆكارەكان شەڕی هاوبەشە لە دژی داعش. پێموانییە لە 100 رۆژی داهاتودا هیچ مەترسییەك لەسەر كورد هەبێت. باوەڕناكەم بەر لە هەڵبژاردن ئەمریكا هیچ گۆڕانكارییەكی گەورە بكات. لەم خاڵەدا ترەمپ نایەوێ هیچ كارێك بكات كە لە رۆژی هەڵبژاردندا كێشەی بۆ دروست بكات. بە بۆچونی من پێویستە ئێوە خۆتان ئامادەبكەن بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەمریكا. جا جۆ بایدن بیباتەوە یان ترەمپ. لە مانگی كانونی دوەم، سەرۆكی نوێ دەستبەكار دەبێت. دوای ئەوە ئەگەری گۆڕان لە سیاسەتی ئەمریكادا، جا بەرەو باش یان خراپ، زۆرتر دەبێت. بەردەوام بن لە راوێژ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، كورد لە ئەوروپا دۆستی زۆر باشی هەن. هەوڵی چڕوپڕی سیاسی و دیپلۆماسی بدەن بۆ ئەوەی بایەخی ئەو ناوچەیە بخەنە بەر سەرنجی ئەمریكا، بەتایبەتی، ئەوە زۆر گرنگە."

باشترین چارەسەر ئەوەیە وەك ساڵی 2018 هێزەكانی هاوپەیمانان بگەڕێنەوە نێو ئەو سێگۆشەیەی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژهەڵاتی فورات

دەربارەی ئەوەی كورد لە سوریا چی بكەن بۆ ئەوەی ئەمریكا بەجێیان نەهێڵێت، بۆڵتۆن وتویەتی"بەڕای من باشترین چارەسەر ئەوەیە وەك ساڵی 2018 هێزەكانی هاوپەیمانان بگەڕێنەوە نێو ئەو سێگۆشەیەی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژهەڵاتی فورات. هێزی ئاسمانی روسیا لەو ناوچەیە دەربكرێت. هێزە سەربازییەكانی روسیا و ئێران لەو ناوچەیە دەربكرێن. هێزەكانی ئەسەدیش لەو ناوچەیە دەربكرێن. هەر هەوڵێك بەو ئاراستەیە بدرێت دەبێتە هۆی سەقامگیری زۆرتر و رەخسانی دەرفەتی گەورەتر بۆ بەدیهاتنی دانوستاندنی كاریگەر لەگەڵ ئەسەد. ئێستا كورد لە پێگەیەكی زۆر لاوازدان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەسەد. ئەوە یارمەتیدەر نابێ بۆ بەدیهاتنی باشترین ئەنجام. ئەگەر ئەسەد بەڵێنی سازشیش بدات، من متمانەی پێناكەم. دیسان دەڵێم پێویستە كورد زۆر هەوڵی دیپلۆماسی و سیاسی بدەن. رەنگە ئەگەر جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرێت بتوانێ ئەو رەوشەی لە 2018 دا لە ناوچەكە هەبو، بگەڕێنێتەوە. "








خەندان
Top