لە ماوەی 28 ساڵدا 419 پەرلەمانتار خانەنشین کراون؛ مووچەیان زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلارە
تەنیا هەشت پەرلەمانتار خانەنشینییان رەتکردووەتەوە، سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، چوار پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ. پرۆسەکەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی جێبەجێدەکرێت.
لە ماوەی 28 ساڵی تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا 419 پەرلەمانتاری خانەنشین هەن، کە مانگانە شەش ملیۆن دینار وەردەگرن و بودجەی پێویستی مانگانە بۆ مووچەکانیان دوو ملیار و 514 ملیۆن دینارە، لەم خوولەشدا جگە لەو هەشت پەرلەمانتارەی خانەنشینییان رەتکردووەتەوە، 103 پەرلەمانتاری دیکە خانەنشین دەکرێن.
جگە لەم خوولەی پەرلەمان، لە چوار خوولی رابردووشدا تەنیا فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە خوولی چوارەم مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانی رەتکردووەتەوە.
وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینیی پەرلەمانتاران کۆتاییهاتووە، بەڵام هێشتا دەرفەت لەبەردەم پەرلەمانتاراندا ماوە.
دوای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتاران، کە ئێستا شەش ملیۆن دینارە، کەمدەکرێتەوە، بەجۆرێک بەگوێرەی بڕوانامە، تەمەن و خزمەت خانەنشینی پەرلەمانتار لەنێوان ملیۆنێک و 800 هەزار بۆ چوار ملیۆن دینار دەبێت.
ساڵی 2013 کە یاسای بودجە هەبوو، بودجەی ساڵانەی پەرلەمانی کوردستان بە بودجەی بەکاربردن و مووچەی پەرلەمانتار و فەرمانبەرانیەوە 45 ملیار دینار بوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ بە 24 ملیار دینار خەمڵێندراوە.
rudaw
