وەزیری گواستنەوە‌ و گەیاندن: راگرتنی گەشتەكان لەگەڵ توركیا كاریگەریی نەرێنیی دروستكردووە

وەزیری گواستنەوە‌ و گەیاندن: راگرتنی گەشتەكان لەگەڵ توركیا كاریگەریی نەرێنیی دروستكردووە
وەزیری گواستنەوە ‌و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پابەندبوونی خەڵك بە رێنماییە تەندروستییەكان لە فڕۆكەخانەكاندا لە ئاستێكی بەرزدایە ‌و دەشڵێت، "راگرتنی گەشتەكان لەگەڵ توركیا كاریگەریی نەرێنیی لەسەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان دروستكردووە".

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە‌ و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ تورکیا پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵكو لەگەڵ تەواوی عێراق راوەستاون، هەرێمی كوردستانیش وەكو بەشێك لە عێراق گەشتەكانی بۆ توركیا راگیراون و ئەوەش بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوەیە و كاریگەریی نەرێنیی دروستكردووە".

سەبارەت بە ئاستی پابەندبوونی خەڵک بە رێنماییە تەندروستییەکان وەزیری گواستنەوە و گەیاندن گوتی "خەڵك لە فڕۆكەخانەكاندا پابەندبوونی تەواویان بە رێنماییە تەندروستییەکان هەیە، ئەوەش مایەی خۆشحاڵییە‌ و پێویستە سوپاس بكرێن".

دوای چەند مانگێك لە راوەستانی گەشتە ئاسمانییەکان، لە سەرەتای ئەم مانگەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی راگەیاند، بەڵام دواتر حكومەتی توركیا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ عێراق تاوەكو 1-9-2020 راگرت.







rudaw
Top