لە هەولێر 27 خاوەنکار بەهۆی سەرپێچییەوە سزا دراون
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ڕايگەیاند: "لە ڕۆژانی پێش جەژن و لە ڕۆژانی جەژندا لەنێو شاری هەولێر، خاوەنی 27 شوێنی جۆراوجۆرمان بەهۆی سەرپێچییەوە سزا داوە".
گوتیشی: "ئەو خاوەن شوێنانەی سزا دراون، دووکاندار و مارکێت و بەقاڵ و سەوزەفرۆش و نانەوا و نووسینگەی عەلوە و کۆگا بوون، ئەو شوێنانە نرخیان بەرز کردبووەوە، یان کاڵا و خۆراکی ئێکسپایەریان هەبووە، هەندێکیان تابلۆی داشکانیان دانابوو دوای بەدواداچوون دەرکەوت فێڵ و چەواشەکاری بووە، بۆیە ئەو شوێنانە سزا دراون".
ڕوونی کردەوە تیمەکانیان چاودێریی بازاڕ و شوێنە جۆراوجۆرەکان دەکەن و ڕێگری لە گرانفرۆشی و ساغکردنەوەی کاڵای ئێکسپایەر دەگرن، گوتیشی: "دووکان و مارکێت و نانەوا و گۆشتفرۆش و دووکانی سەوزە و میوە لەلایەن تیمەکانی ئێمەوە چاودێرییان دەکرێ، هەرکەس نرخ بەرز بکاتەوە سزای دەدەین و چاوپۆشی لە کەسیش ناکەین".
لەبارەی چۆنیەتیی سزاکانەوە، هێمن سەید موراد گوتی: "سزاکان پارە بووە، لەبەر ئەو دۆخە نەمانویستووە داخستن بێت، بەڵام سزای دارایی هەبووە کە لە 50 هەزار دینارەوە تاوەکوو چەند ملیۆن دینار بووە".
باسنيوز
