11 تووشبووی کۆرۆنا لە هەولێر باری تەندروستییان ناجێگیرە
ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕۆژانە لە هەڵكشاندایە و 11 تووشبووی پەتای کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئیماراتی لە هەولێر باری تەندروستییان ناجێگیرە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش هۆشداری دەدات.
دكتۆر شاخەوان خەیلانی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی بۆ تووشبوانی كۆرۆنا ڕاگەیاند: "ئێستا لە نەخۆشخانەكەمان 58 نەخۆش هەیە و لەژێر چاودێریی پزیشكیدان لە نەخۆشخانەكەمان، بەڵام 11 كەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و چوار كەسیشیان باری تەندروستیان زۆر ناجێگیر و مەترسیدارە و ئەوانی دیکەش لەژێر چاودێریی پزیشكیدان و چارەسەریان بۆ دەكرێت".
بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی هۆشداریی دا: "من لە مانگی سێ ئاماژەم پێدا كە دۆخەكە بەرەو خراپتر دەچێت و پێویستە هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن، بەڵام بەداخەوە خەڵكی ئێمە گۆی بە هیچ نادەن و حیساب بۆ گیانی مرۆڤەكان ناكەن، پێویستە هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن، چونکە ئێمەین دەبینین کە ڕۆژانە چی ڕوو دەدات و خەڵك چۆن گیان لەدەست دەدات".
باسنيوز
