لە دهۆک باری تەندروستیی 13 تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا ناجێگیرە

لە دهۆک باری تەندروستیی 13 تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا ناجێگیرە
سەرپەرشتی چارەسەکردنی پەتای کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک ئاشکرای کرد ئێستا باری تەندروستیی 13 کەس لە تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی دهۆک، ناجێگیرە و پێنج کەسیان ڕەوشیان مەترسیدارە.

لەمبارەوە د. موئەیەد ئەغالی، سەرپەرشتی چارەسەکردنی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاند: "باری تەندروستیی 13 تووشبوو بە پەتای کۆرۆنا لە دهۆک تێک چووە و پێنج کەسیان ڕەوشیان زۆر مەترسیدارە و هەشت تووشبووەکەی دیکەش ڕەوشیان باش نییە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "هەر 13 تووشبووەکە تەمەنیان لە نێوان 31 هەتا 70 ساڵی دایە و زۆربەیان هەڵگری نەخۆشیی درێژخایەن، وەک شەکرە و هەندێک لە تووشبووەکان کێشیان زۆر لەسەرەوەیە و ئەمەش بووەتە هۆکاری تێکچوونی باری تەندروستییان".

لە پارێزگای دهۆک، لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە هەتا ئەمڕۆم سێشەممە 2020.8.4 بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک، 718 کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە 376 کەسیان چارەسەر کراون و 338 تووشبوو هێشتا لە نەخۆشخانەکان ماون و لەژیر چاودێریی پزیشکیدان و پێنج کەسیش گیانیان لەدەست داوە".













باسنیوز


Top