راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی پێشنیازی قەدەخەی هاتووچۆ
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، هەموو شوێنە گشتییەکان وەکو مارکێت، رێستۆرانت و شوێنە بازرگانییەکان نابێت رێگەبدەن بە چوونەژوورەوەی هاونیشتمانیان بۆ شوێنەکانیان بەبێ بەستنی ماسک، بە پێچەوانەوە ئەو شوێنانە دادەخرێن بۆ ماوەی 10 رۆژ و خاوەنەکانیان بە بڕی یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێن.
هەروەها شوێنە گشتییەکانی وەکو پارک، کافتریا و چایخانەکان دادەخرێن، بۆنەکانی وەکو پرسەی ماتەمینی، ئاهەنگ و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخە دەبن. هاوکات خواردنگە و چێشتخانەکان بە کراوەیی دەمێننەوە و بە دیلیڤەری خواردن پێشکەش دەکەن بە گرتنەبەری رێنمایی تووندی تەندروستی.
سەنتەر و نۆرینگەکان [پزیشکان، پزیشکانی ددان، کارمەندانی تەندروستی، تاقیگەیی] بۆ ماوەی 14 رۆژ دادەخرێن.
لە خاڵی سیانزەیەمی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر گردبوونەوەیەک لە دەرەوەی شوێن و باڵەخانەکانی حکومی و کەرتی تایبەت بکرێت بەبێ بەستنی ماسک و رەچاوکردنی لانیکەم مەودای 1.5 مەتر، ئەوا ئەو کەسانە بە 10 هەزار دینار پێبژاردن سزا دەدرێن.
هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پێویست کراوە لەسەریان کە ماسک ببەستن، بەپێچەوانەوە بە بڕی 50 هەزار دینار پێبژاردن سزادەدرێن.
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت و بۆ حاڵەتی زۆر پێویست، هاتووچۆکردن بە رەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت. ئەو کەسانەشی دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بەڵێننامە پڕدەکەنەوە کە لە ماڵەوە یان لە هۆتێل خۆیان کەرەنتین بکەن، "ئەگەر پێگیر نەبن بەو بەڵێننامەیە، ئەوا بە بڕی یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێن".
پێشتر د. محەممەد قادر خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، وەکو وەزارەت چەندین پێشنیازیان ئامادەکردووە و دەیانخەنەڕوو، "یەکێک لە پێشنیازە بەهێزەکانمان راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆیە و پێویستە تووندترین رێکار بگیرێتەبەر".
رووداو
