هاونیشتمانییەکی حەفتەغار: خوێنیشمان بڕێژرێ بۆ عەرەبی چۆڵ ناکەین
رێگرییەکە گرژی لێکەوتەوە، عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکیان کرد و جووتیارانی کورد بە دار و قەڵخانی مرۆیی بەرەوڕوویان وەستانەوە. پۆلیسی فیدراڵی بڵاوەیان بە گردبوونەوەی جووتیارانی کورد لە سێڕێیانی حەفتەغار کرد و رێگرییان لە وێنەگرتنی رووداوەکانیش کرد.
محەممەد حاجی عادل، خەڵکی گوندی عەلییە، دەڵێت، ئەو عەرەبە هاوردانە "لە 2003 کەس دەری نەکردن، خۆیان رایان کرد، ئێستاش کە راکان جبووری دەڵێت دەیانهێنمەوە، با هەر بڵێت. راکان جبووری لە دکتۆر بەرهەم زیاتر دەستی دەڕوات".
یوسف رەزا هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵی حەفتەغارە، گوتی، "10 جاری دیکەش بمانکەنە ژوورەوە و سەدان جار دەستگیربکرێین و خوێنیشمان بڕێژن، چۆڵی ناکەین بۆ عەرەب".
بە گوتەی موختاری حەفتەغار، بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 06:00 لە خەو هەڵیانساندوون و پێیان گوتراوە کە عەرەبی هاوردە چوونەتە ناوچەکە. "ئێمە لە حەفتەغار، ئاوایی مەنسوور، دارا و عەلییەوە چووین، پۆلیسی فیدراڵی گەمارۆی دابوون، ئێمەیش گوتمان یان خوێنمان دەڕێژین یان دەبێ بڕۆن".
ئەو ناوچەیەی کێشەکە تێیدا روویدا سەر بە داقووقە و هاوسنووری خورماتووە. دانیشتووانی دەڵێن، لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، زیاتر لە 20 جار عەرەبی هاوردە هەوڵی گەڕانەوەیان داوە، بەڵام هیچکات وەک ئەمجارە بەلێشاو نەهاتوون.
ئەرکان عەلی بابا، دانیشتووی ئاوایی مەنسوورە، گوتی، "راستە دایکم نییە، بەڵام خاکەکەم دایکمە، بە هیچ جۆرێک جێی ناهێڵین ئەو دایکمانە، کەس هەیە دایک جێبهێڵێت؟"
عەرەبە هاوردەکان بە پشتیوانی نووسراوێکی راکان جبووری کە بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کردبوو، گەڕابوونەوە ئەو سنوورە، نوێنەرانی کورد دوای چونیان بۆشوێنی رووداوەکە داوایانکرد هێزە سەربازییەکان لەکێشەی زەویوزاری سنوورەکە خۆیان تێوەنەگلێنن.
جەمال شکور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمەی ئەوان دەیکەن نادەستوری و نایاساییە، نووسراوی پارێزگاری کەرکووک کراوە کە دەسەڵاتی پارێزگار نییە ئەو نووسراوە بکات".
ساڵی رابردوو هەر لەسنووری حەفتەغار بە نووسراوێکی راکان جبووری نزیکەی 10 ماڵە هاوردە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیەوە گەڕێندرانەوە و لەباشوری حەفتەغار نیشتەجێکران. ئەمجارەش ئەو خێزانانەی هاتوونەتە ئەو ناوچەیە 30 خێزانن. بەو ئامانجە هێندرابوون لە باکووری ئاواییەکانی مەنسور، عەلی و دارا نیشتەجێبکرێن. بەو شێوەیە کوردانی ناوچەکە لە باشوور و باکوورەوە دەکەوتنە نێو گەمارۆی عەرەبە هاوردەکان.
رووداو
