نەخۆشخانەی ڕزگاری: لێبگەڕێن خزمەتگوزاریی چارەسەری بە ڕێگای ڕاست و زانستیی خۆیدا بڕوات
كەمێك لەمەوبەر، نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر، راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە شەوی ڕابردوو واپیشاندراوە، گوایە ئۆكسجین نەماوە، ”هەرچەندە ڕامانگەیاند كە ئەم هەواڵە ئەسڵ و ئەساسی نییە، بەڵام ئەمڕۆ چەند بوتڵێكی ئۆكسجین بە ناوی لایەنێكی سیاسی هێندرابووە نەخۆشخانە كە هەرچەندە ئێستا بڕی تەواوی ئۆكسجین بە یەدەگەوە هەیە، جارێكی دیكە ڕای دەگەیەنین كە هیچ كێشەیەكی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكەمان نییە“.
نەخۆشخانەی ڕزگاری جەختی كردۆتەوە: ”بەداخەوە بۆ ئەو چەواشەكاری و دڵەڕاوكێیانە كە لە سۆسیال میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو دەكرێنەوە، هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوامین لە خزمەتکردنى نەخۆشان“.
نەخۆشخانەی ڕزگاری داوای كردووە، ”لێبگەڕێن خزمەتگوزارىی چارسەر بە رێگاى راست و زانستیی خۆیدا بڕوات“.
پێشتر دکتۆر لاوەند میران، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ڕزگاری ڕایگەیاندبوو، لە نەخۆشخانەی ڕزگاری ھیچ کێشەیەکەمان نییە، ئوکسجین ھەیە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە کێشەی نەمانی ئوکسجین و دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە.
لاوەند میران هەروەها جەختی كردەوە، دکتۆرەکانی نەخۆشخانەی رزگاری کاری خۆیان دەکەن، “ئێمە دکتۆرین سیاسی نین، بەڵام بەداخەوە هەندێک لایەن دەیانەوێ پەشێوی دروست بکەن و دەیانەوێ لایەنی تەندروستی تێکەڵ بە سیاسەت بکەن”.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەموو پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەی ”بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە“ شەڕی دژی پەتای کۆرۆنا دەکەن و ئەو دڵەڕاوکێیەی دروست بووە، بەشێک لە لایەنە سیاسی و میدیاکان، لێی بەرپرسن.
ئەمە لە كاتێكدایە كە شاسوار عەبدولواحید، بازرگانی قەرزاری حكوومەت و دەیان هەزار هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان، پاش ئەوەی نەیتوانی چیتر بانگەشەی ئەوە بكات كە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە و بووە هۆی تووشبوونی هەزاران كەس، ئێستا موزایەدە بە ئۆكسجینەوە دەكات.
باسنيوز
