رۆژنامەنووسێک: نامەردەکان بوتڵی ئۆکسجین بۆ سیاسەتی بۆگەنی حزبی بەکار دەهێنن
بەختیار شاخی، رۆژنامەنووس، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، هەندێک ”نامەرد“، بە سامانی سەر و ژێر زەوی تیر نەبوون و دەیانەوێ ”هەواکەیشمان پێ بفرۆشن“.
بەختیار شاخی بە سەرسوڕمانەوە باس لەوە دەکات، کە ئەگەر کەسێک ویستی هاوکاریکردنی خەڵکی هەبێ، ئەوا دابینکردنی بوتڵی ئۆکسجین بۆ تووشبووانی پەتای کۆرۆنا ناکاتە کەرەستەیەک بۆ موزایەدە و بۆ بەرژەوەندیی سیاسەتی ”بۆگەنی حزبی و شارچیەتی“ بەکاری ناهێنێت.
ئەو رۆژنامەنووسە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هاوکاریکردنی کەرتی تەندروستی بۆ چاکبوونەوەی تووشبووانی کۆرۆنا لەڕێی بانگەشەی میدیاکان و بە سووک سەیرکردنی ژیانی مرۆڤ نابێ و باشترە ”بە بێدەنگی بچی بەهانای نەخۆشخانەوە“.
پێشتر شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی گرووپی نەوەی نوێ لە میدیاکانەوە وەک موزایەدەیەکی سیاسی رایگەیاندبوو، ئامادەیە بوتڵی ئۆکسجین بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان، دابین بکات.
دەقی نووسینەکەی بەختیار شاخی:
بە ترسەوە بیرمان لەوە دەکردەوە: تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت، هەناسەیشمان نەکەوێتە دەست دز و بازرگانەکان؟
بەداخەوە لەم چەند ڕۆژەدا ئەوەیشمان دیت.
ئاخر هەی نامەرد، ئەگەر دەزانی نەخۆشخانە کێشەی ئۆکسجینی هەیە، بۆ دەیکەیە کەرەستەی موزایەدە و سیاسەتی بۆگەنیوی حزبی و شارچێتییە پۆخڵەکەت؟
بۆ هێندە سووک سەرنجی ژیانی مرۆڤ دەدەیت و لەجێی ئەوەی بە بێدەنگی بچی بەهانای نەخۆشخانەوە، دێی لە میدیاکاندا سنگ دەردەپەڕێنی و دەڵێی ئامادەم ئەوەندە (بوتڵ ئۆکسیجن) دابین بکەم؟ لە سامانی سەر و ژێری ئەم خاکە تێر نەبووی، دەتەوێ هەواکەیشمان پێ بفرۆشی؟ دە کەمێک مەرد بە، لانیکەم پیاوەتی بە هەواوە مەکە.
باسنيوز
