یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا دەبێت

یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا دەبێت
گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی دەستیان پێکردەوە و یەکەم گەشتیش لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە، بۆ تورکیا دەبێت.

تاھیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 1-8-2020 گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەست پێدەکەنەوە، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە راگیرابوون.

تاهیر عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاند، بە گرتنەبەری ڕێکارە تەندروستییەکانی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا، فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان کراونەتەوە و ھەموو کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار ئاگادار کراونەتەوە، کە پابەندی ڕێکارە تەندروستیەکان بن.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەو کەسەی گەشت دەکات، پێویستە چوار کاتژمێر پێش گەشتەکەی لەناو فڕۆکەخانەی سلێمانی ئامادەبێت، ئەگەر گەشتیارێک پشکنینی پزیشکی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکردبێت، گەشەکەی هەڵدەوەشێندریتەوە و ڕێگەی پێ نادرێت گەشەکەی بکات.

بەپێی زانیارییەکان، یەکەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ تورکیا دەبێت.

تاهیر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو کردنەوەیە قۆناغی یەکەمی کردنەوەی فڕۆکەخانەکەیە و هێشتا گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی کۆرۆناوە، بە تەواوی ئاسایی نەبوونەتەوە.










باسنيوز


Top