سەرۆک بارزانی پەیامێکی لە ساڵوەگەڕی ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی، بڵاو کردەوە.

سەرۆک بارزانی پەیامێکی لە ساڵوەگەڕی ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی، بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاندووە، ”لە درێژایی ساڵدا كەم ڕۆژ هەن یادی كارەسات و تاوان و زوڵمێك نەبێ كە دەرهەق گەلی كوردستان نەكرابێت“.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ئەمڕۆ لە كاتێكدا جەژنی پیرۆزی قوربان دەكەینەوە كە هاوكات سی و حەفت ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانیدا تێدەپەڕێت. لەو یادە تاڵەدا خۆشیی جەژن و حوزنی نەبوونی ئازیزانمان ئاوێتەی یەكترن و قەسیدەیەكی (ئەلموتەنەبی)ـی شاعیر چەندە گونجاوە بۆ ئەمڕۆ كە دەڵێ: " بە چی حاڵێك هاتیەوە ئەی جەژن، وەكو جارانی یان هەواڵێكی نوێت پێیە...". ئەمە حاڵی هەموو ڕۆژ و هەموو سات و هەموو جەژنی ئەو ئافرەتە بارزانیانە و هەموو کەسوکاری ئەنفالە كە ستەمیان لێ كرا و دەیان ساڵ لە چاوەڕوانی ئازیزانیان بوون كە بە زوڵم بردران و ئەنفال كران. بەڵام هەر ئەو ژنە قارەمانانە بە سەربەرزی و عیزەتی نەفسەوە بەرگەی خەمی لەدەستدانی ئازیزانیان گرت و بەرەو لووتكەی بەهاكان هەڵكشان.

لە درێژایی ساڵدا كەم ڕۆژ هەن یادی كارەسات و تاوان و زوڵمێك نەبێ كە دەرهەق گەلی كوردستان نەكرابێت. تاوانی وا گەورە و نامەردانە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێوێنەن. گەلی كوردستان دەیتوانی تۆڵە بكاتەوە بەڵام دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد و ڕێگەی بەخشین و كردنەوەی لاپەڕەی تازەی گرتەبەر. چونكە فەرهەنگی گەلی كوردستان جیایە لە فەرهەنگی نامەردان و شۆڤینیەت و داگیركاری.

لەو یادەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی بارزانییە ئەنفالكراوەكان و هەموو شەهیدانی ئەنفال و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كورد و كوردستان دەنێرین و باشترین وەفایش بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی میللەتەكەمان، یەكڕیزی و برایەتیی نێوانمان و، خۆشەویستیی نیشتیمانە.

مسعود بارزانی

۳۱ـی ۷ـی ۲۰۲۰






باسنیوز
Top