"پێشبینی دەکرێ دواى جەژن رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا واژوو بکرێ"
د.محەمەد شاکر، ئەندامى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق راگەیاند: "دواى سەردانى سەرۆکى حکوومەت بۆ بەغدا و نیشاندانى نیازپاکى بەرامبەر حکوومەتى ناوەند، گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغدا هەنگاوى باشیان بڕى و بە چڕى تەواوى بابەتە تەکنیکییەکانى رێککەوتنى نێوان هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەیەوە کرا لە سەردانى چەندین جارەى شاندى دانوستاندکارى هەرێم بۆ بەغدا".
راشیگەیاند: "بەپێى ماددەى 14 ى دەستوورى هەمیشەیى عێراق و یاساى بودجەى 2019 و یاساى ئیدارەى مالیى عێراق، دەبێ حکوومەتى ناوەند مانگانە 453 ملیار دینار مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان بنرێرێت، هەرچەندە عێراقیش تائێستا نەیگوتوە مووچەى فەرمانبەران رەوان ناکەین، بەڵام هەرجارەى بە بیانوویێک دواى دەخەن".
ئەوەشى خستەڕوو" لەلایەکى دیکەشەوە حکوومەتى هەرێمی کوردستان داهاتى سەرجەم داهاتە نەوتى و نانەوتیەکانى بۆ حکوومەتى عێراق ئاشکرا کردووە، بۆیە گەشبینین بە ئەنجامى گفتوگۆکان و پێشبینى دەکرێت لە دواى جەژن رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا واژوو بکرێت".
باسنیوز
