دوو هاونیشتمانی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دابیندەکەن

دوو هاونیشتمانی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دابیندەکەن
بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی تایبەت لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوای بیستنی هەواڵی کەمیی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر، لەگەڵ برایەکی بڕیاریانداوە ئۆکسجینی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە دابینبکەن.

بەشدار خالید، بەڕێوەبەری قوتابخانەی کینگ لە هەولێر راگەیاند "کەمیی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر بووەتە هۆی ئەوەی بڕیاربدەین ئۆکسجینی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکەین؛ شەش بوتڵی ئۆکسجینمان ئامادەکردووە، هەرچەندە نەتوانراوە لەگەڵ کارگێڕیی نەخۆشخانەکە هاوئاهەنگی بکرێت. بۆیە هەرچەندە ئۆکسجین پێویست بێت بۆ هاونیشتمانیان دابینی دەکەین".

پێشتر لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان هەر بوتڵێکی ئۆکسجین لە کارگە بە 10 هەزار دینار پڕدەکرایەوە، بەشدار خالید کە لەگەڵ براکەی ئەو کارەیان دەستپێکردووە، ئاماژەی بەوە کرد، شەش بوتڵی ئۆکسجینیان لەسەر رێگەی مەخموور بۆ نەخۆشخانەی رزگاری کڕیوە، نرخی هەر بوتڵێک بە ئۆکسجینەوە 160 دۆلارە و دەشڵێت "ئامادەیمان هەیە ئۆکسجینی دیکە بۆ نەخۆشخانەکە دابینبکەین، بەڵام جارێ نازانین چەندیان پێویستە".

کەمیی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر بووەتە جێگەی نیگەرانییەکی زۆر بۆ ئەوانەی کەسوکاریان لە نەخۆشخانەکەیە.

لاوەند میران، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری گوتی "تاوەکو ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێک لەوانە کارمەندی نەخۆشخانەکەمان بووە، سەرۆکی پەرستاران لە نەخۆشخانەکەمان دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی چڕدایە، دەیان پزیشک و سەتان کارمەندی تەندروستیمان تووشی ڤایرۆسەکە بوون".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری باسی لەوەش کرد "بە ئامار لامانە 95%ی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە گیانیان لەدەستداوە، نەخۆشیی دیکەی وەکو شەکرە، گووشاری خوێن، دڵ و نەخۆشیی دیکەیان هەبووە".

بە گوتەی لاوەند میران، دوو سەرچاوەی ئۆکسجین هەیە، "یەکەمیان ئۆکسجینی شل کە کارگەکەی لە سلێمانییە و دوو رۆژ جارێک بۆیان دێت، سەرچاوەی دووەم لە رێگەی بوتڵی ئۆکسجینەوەیە کە لە شاری هەولێرە".













رووداو
Top