تەندروستیی هەولێر: هیچ نەخۆشێک بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین گیانی لەدەستنەداوە
لە روونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێردا ئاماژە بەوە کراوە، بە دوو شێواز ئۆکسجین بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان دابین دەکرێت کە بەمشێوەیەن:
یەکەم: لە رێگەی ئۆکسجینی مەرکەزیی نەخۆشخانە
دووەم: بە شێوازی بووتڵ (قنینە)
تەندروستی هەولێر دەشڵێت، "راستە بۆماوەیەکی کاتی کاتی ئۆکسیجینی شل دواکەوتووە لە گەیشتنی، بەڵام لەهەمان کات لە رێگەی دووەم کە ئۆکسجینی بووتڵە بۆ تەواوی ئەوانەی پێویستیان بە ئۆکسجین بووە دابین کراوە". ئاماژە بەوەشدەکات، لەنێو نەخۆشخانە و لەهەمان کات تیمەکان خەریکی چارەسەرکردنی دواکەوتنی ئۆکسجینی شل بوون توانرا بەماوەیەکی کاتی کەم کێشەکە چارەسەربکرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ کێشەی کەمی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر بووە جێگەی نیگەرانییەکی زۆر بۆ ئەوانەی کەسوکاریان لە نەخۆشخانەکەیە. هاونیشتمانییەک گوتی ، تەنیا لەماوەی نیوکاژێر بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە. بەڵام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە رەتیکردەوە و گوتی، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هۆکارەکەی نەبوونی ئۆکسجین نەبووە.
بە گوتەی تەندروستیی هەولێر، بەهۆی بە هەڵە نیشاندانی بابەتەکە لەلایەن هەندێك لە میدیاکانەوە خانەوادەی ئەم تووشبوانە کەوتوونەتە ترس و دڵەڕاوکێ هەوڵیانداوە ئۆکسجین دابین بکەن بۆ تووشبوان
هاوکات د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکسجینی شل بۆ دوو کاژێر دواکەوتووە، بەڵام بڕی ئۆکسجینی پێویستیان هەیە. گوتیشی، کە چوار تووشبوو ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی رزگاری گیانیان لەدەستداوە. "بەڵام مردنیان بەهۆی کەمی یان نەبوونی ئۆکسجین نەبووە".
وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێریش داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن "بە هۆشیارییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە مەترسیدارە بکەن، چونکە مەترسی ئەم ڤایرۆسە جیددیە".
دەقی روونکردنەوەی تەندروستیی هەولێر:
سەبارەت بەدۆخی نەخۆشخانەی ڕزگاری بۆ هەموو لایەک ڕووندەکەینەوە کەوا بە دوو شێواز ئۆکسجین دابین دەکرێت بۆ نەخۆشانی تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە نەخۆشخانەکان و بەنەخۆشخانەی ڕزگاریشەوە: یەکەمیان لە ڕێگای ئۆکسجینی مەرکەزی نەخۆشخانە و ڕێگای دووەم بە شێوازی بوتڵ ( قنینە)، ڕاستە بۆماوەیەکی کاتی کاتی ئۆکسیجینی شل دواکەوتووە لە گەیشتنی بەڵام لەهەمان کات لە ڕێگای دووەم کە ئۆکسجینی بوتڵە بۆ تەواوی ئەوانەی پێویستیان بە ئۆکسجین بووە دابین کراوە لەناو نەخۆشخانە و لەهەمان کات تیمەکان خەریکی چارەسەرکردنی دواکەوتنی ئۆکسجینی شل بوون توانرا بەماوەیەکی کاتی کەم کێشەکە چارەسەربکرێت، بەڵام بەهۆی بەهەڵەنیشاندانی بابەتەکە لەلایەن هەندێك لە میدیاکانەوە خانەوادەی ئەم تووشبوانە کەوتوونەتە ترس و دڵەڕاوکێ هەوڵیانداوە ئۆکسجین دابین بکەن بۆ تووشبوان، و ڕەتیدەکەینەوە هیچ نەخۆشێک بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین گیانی سپاردبێت، بۆ زانیاری هەموولایەك نەخۆشخانەی ڕزگاری زۆربەی ئەو حاڵەتانەی لێخەوێندراوە کەوا باری تەندروستیان باش نییە و دۆخی تەندروستیان جێگیر نییە و بەردەوام پێویستیان بە چارەسەری وردی پزیشکی یە، بەداخەوە دەبین ڕۆژانە ڕێژەیەک بەهۆی قورسی باری نەخۆشیەکەیان گیان دەسپێرن کە ئێمە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوان دەنێرین و هیوای چاکبوونەوە بۆ تووشبوان دەخوازین.
زۆر سوپاسی ماندووبوونی تەواوی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین کە پارێزگاری لە تەندروستی هاوڵاتیان دەکەن، لە هەوڵەکان بەردەوام دەبین لەپێناو پاراستن و سەلامەتی هاوڵاتیان.
داوا لەهاوڵاتیان دەکەین بە هۆشیاریەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە مەترسیدارە بکەن، مەترسی ئەم ڤایرۆسە جدیە، بە پەیڕەوکردنی ڕێنماییە خۆپارێزیەکان خۆتان و خانەوادەکەتان و سەرجەم هاوڵاتیان دەپارێزن، و دەبنە هاوکار و پاڵپشتی تیمە تەندروستیەکان و دەزگا و پێداویستیە پزیشکیەکان.
د. بژار موسی
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر
۳٠ی تەمووز ۲٠۲٠
رووداو
