پۆلیسی راپەڕین باندێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/7/2020، پۆلیسی راپەڕین لە راگەیاندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "هێزەکانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر (مکافحە) پاش بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچونی ورد باندێکی بازرگانی کردنیان بە ماددە هۆشبەرەکان لە ماڵێکدا دەستگیرکرد کە پێکهاتبوون لە 3 کەس، وە دوای گەڕان و پشکنین لە ماڵەکەدا دەستیش گیرا بەسەر ماددەی هۆشبەردا".
روونیشکراوەتەوە، کە دەستگیراوە بەسەر 2 کیلۆ و 600 گرام لە ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (هێرۆین و کریستاڵ) لەگەڵ ( 104762) دەنک حەبی جۆراوجۆر کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاوردەی هەرێم کراون، لەگەڵ ئەوانەشدا دەست گیراوە بەسەر (41 فیشەکی دەمانچە و 1 فیشەکی کڵاشینکۆف و 2 شانەی دەمانچە).
هەروەها ئەوەش خراوەتە روو، کە بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 14 لە یاسایی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەرجەمیان ڕاگیرکراون، دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.
باسنيوز
