لە سنووری پاوە کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا

لە سنووری پاوە کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا


بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆڵبەرێک لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی نەوسوود سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020.7.30 هێزەکانی سوپای پاسداران لە کوێستانەکانی"ملە قەندی"ی سەور بە شارۆچکەی نەوسوود، تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێک کوژراوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی "وەزیر محەمەدی" تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "حەشمیر"ی سەر بە شاری سەلاس‌باوەجانی ڕاگەیەندراوە. وەزیر خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە.

بە گوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیکەوە تەقەیان لە وەزیر کردووە و بە گوللە لە سەریان داوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە لانیکەم ٢١ کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود کوژراون و بریندار کراون.






باسنيوز
Top