بەرەی عەرەبی: نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن نەتەوەکانی کەرکووک یەکبخەن

بەرەی عەرەبی: نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن نەتەوەکانی کەرکووک یەکبخەن
مانەوەی هەژموونی سەربازی لەسەر کەرکووک و دۆخی نائاسایی ئیداریی پارێزگاکە، خواستی گۆڕانکاریی لای پێکهاتەکان دروستکردووە.

لە دوو هەفتەی رابردوودا شەش کۆبوونەوەی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بە سەرپەرشتیی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچووە؛ کۆبوونەوەکان بە ڤیدیۆ کۆنفرانس و دوور لە چاوی میدیا ئەنجامدەدرێن.

هەندێک لەو خاڵانەی ناکۆکییان لەسەرە، لایەنەکان خەریکن جێگرەوەی بۆ دەدۆزنەوە. بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان جیددین لەوەی دانوستاندنەکان دەرئەنجامیان هەبێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەڵێت "کۆمەڵێک شت هەر لەسەری کۆکین، یەکێک لەوانە دەبێت ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە لە بابەتی زەوییە کشتوکاڵییەکان، لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەیە کە زەوییەکان بۆ خاوەنی رەسەنی بگەڕێتەوە لە دابەشکردنی، چ لەڕووی ئەمنی و ئیدارییەوە بە رێژەی 32 بە 32 خاڵی ناکۆکمانە، ئێمە پێشتر و ئێستاش تەئکید دەکەینەوە، هەر بابەتێک نادەستووری بێت گفتوگۆی ناکەین، ئێمە لە سەرەتاوە پێمانوابوو مەلەفی کەرکووک وەکو پێش 9\6\2014ی لێبێتەوە کە چۆن پێشمەرگە و سوپا هەماهەنگ بوون بۆ پاراستنی شارەکه، لەلایەکی دیکەشەوە هەندێک داوای ئەوە دەکەن هێزی هاوبەش هەبێت".

بەشێکی سەرەکیی ناکۆکیی لایەنەکان پەیوەستە بە پێداگیریی تورکمان، بەتایبەت لە پرسی دابەشکاریی پۆستەکان. ئێستا پرسێکی دیکە خراوەتە دانوستاندنەکانەوە، بەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ کەرکووک بکرێتە هەرێمی سەربەخۆ و ئیدارەی خۆجێیی و هێزی پاراستنی هەرێمەکە لە پێکهاتەکان بێت بە رێژەی 32%.

ماردین کۆچ قایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوە کردووە "ئەمڕۆ ئیدارەی کاتی لە کەرکووک پێکبهێنرێت و کەرکووک بکرێتە هەرێمی سەربەخۆ، پێکهاتەی عەرەبی لە زۆربەی پرسەکان لە تورکمانەوە نزیکن، هەتا هەندێک لایەنی کوردیش کۆکن لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک".

پێکهاتەی عەرەبی کەرکووک ئێستا بوونەتە دوو بەرەی دژ بەیەک و ناکۆکن، رەنگە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیش لە بەرژەوەندیی ئەوان نەبێت، بۆیە وێڕای ناکۆکییان، ئومێدیان لەسەر دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان نییە.

محەممەد رەیاشی، گوتەبێژی بەرەی عەرەبی دەڵێت "نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن نەتەوەکانی کەرکووک یەکبخەن ئەگەر نەتەوەکان خۆیان گوتاری هاوبەشیان نەبێت پێش چوونە لای نەتەوە یەکگرتووەکان، بەوەی یەکگرتووبن و دڵنیایی بدەنە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵێ ئێمە تەئکید دەکەینەوە بۆچوونی هاوبەش دروستبکرێت".

کۆبوونەوەکانی لیژنەی ئاساییبوونەوەی دۆخی کەرکووک بە بەشداریی نوێنەرانی پارتی و یەکێتی لە کورد و ئەنجوومەنی عەرەبی و بەرەی تورکمانی بەڕێوەدەچن. نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکان دەکات و نوێنەرانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراقیش چاودێری کۆبوونەوەکان دەکەن.













رووداو
Top