لە رۆژانی جەژندا رێگە بە هاتووچۆ لەنێوان كەركووك و هەرێمی کوردستان نادرێت

لە رۆژانی جەژندا رێگە بە هاتووچۆ لەنێوان كەركووك و هەرێمی کوردستان نادرێت
شانەی قەیرانەكانی كەركووك بڕیاریدا رۆژانی جەژنی قوربان هاتووچۆ قەدەخە بێت و رێگە بە هاتووچۆ لەنێوان كەركووك و پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان نەدرێت.

مەروان ئیبراهیم، گوتەبێژی شانەی قەیرانەكان لە پارێزگای كەركووك راگەیاند "لەژێر رۆشنایی بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی گشتی لە عێراق، بڕیاردرا لە 30/7/2020 تاوەكو 9/8/2020 هاتووچۆ لە پارێزگای كەركووك قەدەخەبێت و رێگە بە هاتووچۆكردنی هیچ كەسێك نادرێت لە كەركووكەوە بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق و هەرێمی كوردستان و بە پێچەوانەشەوە".

گوتەبێژی شانەی قەیرانەكانی كەركووك هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە بۆ كۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركووك روو لە هەڵكشانە".

بەپێی ئاماری تەندروستیی پارێزگای كەركووك، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە چوار هەزار و 432 كەس لەو پارێزگایە تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 603 تووشبوویان چاكبوونەتەوە و 233 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

تاوەکو ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان 118 هەزار و 300 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 83 هەزار و 461 تووشبوو چاکبوونەتەوە و چوار هەزار و 603 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.












رووداو
Top