لە سلێمانی شۆفێرێک لە ژنێک دەدات، دەیکوژێت و هەڵدێت

لە سلێمانی شۆفێرێک لە ژنێک دەدات، دەیکوژێت و هەڵدێت
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک لە ژنێک دەدات و ژنەکە دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، شۆفێرەکەش هەڵاتووە و دوای دوو کاژێر توانراوە دەستگیربکرێت.

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە "ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2020، لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود، نزیک سیتییەکانی گۆیژە، ئۆتۆمبێلێک لە ئافرەتێکی داوە و دواتر ھەڵاتووە، دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکانی دیکە بۆ شوێنی رووداوەکە، ژنەکە گەیێندرایە نەخۆشخانە، بەڵام بەھۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا".

دوای رووداوەکە ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، وەکو لە راگەیێندراوی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، توانراوە لە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێردا لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئازادییەوە ئۆتۆمبێلەکە بدۆزرێتەوە و شۆفێرەکەش دەستگیربکرێت.

تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.














رووداو
Top