ئیخلاس دلێمی ئەندامی پەرلەمانی عێراق: له ئایندەیەكی نزیكدا هەولێر و بەغدا دەگەنە ڕێككەوتن
ئیخلاس دلێمی، ئهندامی لێژنەی دارایی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق رایگەیاند: "هەوڵێك هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی لە هەموو ئاستەكاندا گرفتەكان چارەسەر بكرێت، نەك هەر لە ئاستی دارایی، بەڵكوو لە ئاستی دیكەی سەربازی و گومرگیش. هەردوو حكوومەت جددیین لە چارەسەركردن و پێموایە كە لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا گەلی كوردستان هەواڵی باش دەبیستن“.
ڕوونیشی كردەوە كە لەم دوو ڕۆژەدا گفتوگۆی جددی هەیە و ”پێموایە ئەگەری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەیە“.
باسیشی لەوە كرد كە هەر ڕێككەوتنێك بكرێت، لە مانگی ئابدا دەكەوێتە باری جێبەجێكردنەوە تا مانگی شوباتی ٢٠٢١ و لەو كاتەشەوە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند دەكرێت كە ڕێككەوتنێكی جێگیری پێویست دەبێت.
ئیخلاس دلێمی دووپاتی كردەوە: ”پێشبینی دەكەم هەردوو حكوومەت بگەنە ڕێككەوتن، چونكە مستەفا كازمی هەوڵدەدات هاوسەنگی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان رابگرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش جددییە لە چارەسەركردنی كێشەكان و هەموو بنەماكانی سەركەوتنی تێدایە و تەنیا لە مەسەلەی مووچە هەندێك گرفتی هەیە كە هەوڵدەدات ئەم كێشەیەش تێپەڕێنێت. بۆیە پێموایە لەم رۆژانە ڕێككەوتنێكی سیاسی دەكرێت“.
پێشتر خالید شوانی، وەزیری حكوومەت بۆ كاروباری هەرێمی كوردستان و بەغدا لە میانی دانیشتنی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٠ی پەرلەمانی كوردستاندا، ئاشكرای كردبوو كە حکوومەتی فیدراڵی پێشنیازێکی نوێی بۆ رێککەوتن بۆ ناردوون، ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە، ئەگەریش ھەیە بەم نزیکانە بگەنە رێککەوتن.
باسنیوز
