جەهەپە: لە چوارچێوەی دیموكراتیکدا كێشەی كورد چارەسەر دەكەین
كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیایە، لە تازەترین وتاریدا باس لە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركی دەكات و پێیوایە چارەسەرنەبوونی ئەو كێشەیە پەیوەندیی بە سیاسیەتی تاكڕەوییەوە هەیە.
كەمال كلیچدارئۆغلۆ لە وتارێكدا بۆ ئەندامانی پارتەكەی لەناو پەرلەمانی توركیا، گوتی ئەوەی٤٠ ساڵە كێشەی كوردی چارەسەر نەكردووە تاكڕەویی سیاسییە.
سەرۆکی جەهەپە ڕاشی گەیاند: "٤٠ ساڵە هەزاران كەس گیانیان لەدەست داوە، بەڵام تاكڕەویی سیاسی كێشەی كوردی چارەسەر نەكردووە و ئێستا هێزەكانی رۆژئاوا كێشەی كورد وەكوو كارتێكی فشار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دەهێنن، بۆیە ئێمە وەكوو جەهەپە لە چوارچێوەی سەربەخۆیی توركیادا كێشەی كورد چارەسەر دەكەین و چارەسەرەكەش بە دیموكراتییەكی ستاندارد دەبێت".
لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوەش دا، كە لە چوارچێوەی سەربەخۆبوون و ئاڵا و یەكێتیی توركیادا، ئەوان كێشەی كورد چارەسەر دەكەن.
بۆ یەكەمجارە جەهەپە بەو شێوە فراوان و روونە، باس لە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا بكات.
باسنيووز
