روونکردنەوەی حکومەت لەبارەی دابینکردنی مووچە و 400 ملیار دینارەکە

روونکردنەوەی حکومەت لەبارەی دابینکردنی مووچە و 400 ملیار دینارەکە
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران روونکردنەوەی لەبارەی دابینکردنی مووچەی مانگەکانی رابردوو و ئەو کورتهێنانە دا کە رووبەڕوویان بووەتەوە و رایگەیاند، لە مانگی نیسان هەموو سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت نزیکبوونەتەوە لە سفر. لەبارەی دوایین 400 ملیار دیناری بەغداش گوتی، 185 ملیۆن دۆلاری ئەو مووچەیەی مانگی 5 دابەشکرا، لەو پارەیە بووە.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی رەوشی ئابووریی هەرێمی کوردستان. حکومەت روونکردنەوەی خۆی لەبارەی سەرچاوەکانی داهات و خەرجییەکانی دا، پرسیاری پەرلەمانتارانیش هەمووی لە چوارچێوەی دابینکردنی مووچە بوو.

د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بەشێکی قسەکانی تەرخانکرد بۆ روونکردنەوە لەبارەی داهاتی حکومەت و چۆنێتی دابینکردنی مووچەی مانگەکانی رابردوو و رایگەیاند، لە مانگی نیسان هەر سێ سەرچاوەکەی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە هەمووی نزیکبووەوە لە سفر. روونیکردەوە، عێراق، کە پێشتر 381 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووەو 51%ی مووچەی پێ دابینکراوە بڕدراوە. هەروەها 244 ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ هەبووە ئەویش بەهۆی کۆرۆناو راگرتنی بازرگانی نزیکبووەتەوە لە سفر، داهاتی وەزارەتی داراییش کە 300 ملیۆن دۆلار بووە ئەویش لە مانگی چوار بووەتە سفر.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران چۆنێتی دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری روونکردەوە، کە پێویستیان بە 750 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام تەنیا 90 بۆ 100 ملیۆن دۆلاریان لەبەردەستدا بووە، واتە کورتهێنان 90% بووە. گوتی "لەبەرئەوەی سەرۆکی حکومەت بەڵێنی دابوو پێش جەژن [جەژنی رەمەزان] مووچە دابەشبکرێت، بۆیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت رێککەوتن لە بەرکەوتەکانیان خۆشببن بۆ ماوەیەک و لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیە 375 ملیۆن دۆلارمان وەک داهات بۆ هات، ئینجا قەرزیشمان لە کۆمپانیاکانی نەوت کرد و 150 ملیۆن دۆلاری دیکە قەرز کرا و لەگەڵ 138 ملیۆن دۆلار کە لە بازرگانانی ناوخۆ قەرزکرا پارەکە گەیشتە 750 ملیۆن دۆلار و بەم هۆکارانە مووچەکە دابەشکرا".

یەکێک لە پەرلەمانتاران پرسیاری 400 ملیار دینارەکەی کرد، کە بەغدا رایگەیاند بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، ئومێد سەباح گوتی "باسیدەکەم، وەک حکومەت هیچمان نییە بیشارینەوە". ئینجا لە روونکردنەوەی چۆنێتی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج باسیکرد.

ئومێد سەباح لەبارەی دابینکردنی دوا مووچە کە دراوەتە مووچەخۆران و چۆنێتی دابینکردنی و هۆکاری بڕینی 21%ی مووچە، بەمشێوەیە روونکردنەوەی دایە پەرلەمانتاران: "مانگی رابردوو 500 ملیۆن دۆلارمان هەبوو، کە ئێمە 750 ملیۆن دۆلارمان بۆ مووچە پێویستە، واتە 34% کورتهێنان هەبوو. ئەو 500 ملیۆنەش 185 ملیۆنی پارەی 400 ملیارەکەی بەغدا بوو کە مابووەوە، بەشێکیشی داهاتی نەوت بوو و بەشێکیشی داهاتی ناوخۆ بوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسکرا کە کورتهێنانی 34% هەیە و سەرۆکی حکومەت راسپێردرا 100 ملیۆن دۆلار قەرز بکات بۆئەوەی پارەکە بگاتە 600 ملیۆن دۆلار و کورتهێنانەکە ببێتە 21% و تەمویلی مووچە ببێتە 79% و بەوشێوەیە مووچەکە دابەشکرا".













رووداو
Top