ئاگرێکی گەورە شارباژێڕ دەسووتێنێت
بەرهەم ئەبوبەکر، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ناحیەی گاپیڵۆنی سەر بە قەزای شارباژێڕە، دەڵێت "دوو رۆژە بەهۆی هەورە برووسکەوە ئاگرەکە کەتووەتەوە".
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، گەورەیی ئاگرەکە لەوە دەرچووە بە خەڵک کۆنترۆڵبکرێت و دەڵێت "تاوەکو ئێستا جگە لە پاسەوانی سنوور کە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، هیچ شوێنێکی دیکە نەهاتوون بۆ کۆنترۆڵکردنی".
ئەو ئاگرە سەرەتا لە گوندی وڵاخلوو کەوتووەتەوە و دواتر تەشەنەی کردووە و گەیشتووەتە گوندی باڵخ. بەرهەم ئەبوبەکر گوتی "ئاگرەکە ئێستا خەریکە باڵخ تێدەپەڕێنێ و بەرەو کونەماسی تەشەنە دەکات".
وەک ئەو هاونیشتمانییە گوتی ، ترسیان لەوە هەیە ئاگر بگاتە چیای قووڵەترش، "چونکە ئەو چیایە مینڕێژە و ئەگەر بگاتە ئەوێ هیچ کەس ناتوانێ کۆنترۆڵی بکات".
شاهۆ عوسمان، قایمقامی شارباژێڕ راگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ماوەت و گاپیڵۆن لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان و بەردەوام لەسەر هێڵن. گوتیشی "ئێستا هەوڵەکانمان لەگەڵ تیمەکان و خەڵکی سنوورەکە بۆئەوەیە ئاگربڕ دروستبکەین بۆئەوەی زیاتر تەشەنە نەکات".
خەڵکی سنوورەکە داوادەکەن هەلیکۆپتەرەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی هاوکارییان بکەن و بەهانایانەوە بچن. قایمقامی شارباژێڕ دەڵێت "ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت سبەی هەلیکۆپتەر داوادەکەین".
هەروەها قایمقامی شارباژێڕیش بەهەمانشێوە ترسی لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە بۆ چیاکانی سنوورەکە هەیە و دەڵێت "بەهۆی ئەو مینە زۆرەی چێندراون ناتوانین ریسک بە کارمەندەکانی بەرگریی شارستانییەوە بکەین و بیاننێرینە چیاکە".
رووداو
