کۆنسوڵخانەی فەڵەستین هاوژینی مامەڕیشە خەڵات دەکات
رۆژی دووشەممە 26ی تەممووز مەراسیمێکی رێزلێنان لە بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچوو، کە لە مەراسیمەکەدا کۆنسوڵخانەی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان خەڵاتێکی بەناوی خەڵاتی رێزلێنان و وەفا بە نیشتمان حەسەن، هاوژینی مامەڕیشە بەخشی.
نەزمی حزوری، کۆنسوڵی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان گوتی "لە ساڵی 1946ـەوە پەیوەندیمان لەگەڵ کوردانی عێراق هەیە و پێشتریش هەریەکە لە مەلا مستەفا، سەرۆک مەسعود بارزانی و مام جەلال پەیوەندیی باشیان هەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی فەڵەستین و چەندین گەنجی دیکەی کوردیش هەبوون کە لە ساڵانی 1970 تاوەکو دواتر، بەشداریی خەباتی ئازادییان کردووە لەگەڵ ئێمە و گەلەکەماندا؛ ئەمڕۆش بەم رێزلێنانە وەفاداری و دڵسۆزیی خۆمان بۆ خەباتی ئەوان دووپاتدەکەینەوە".
کۆنسوڵی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان گوتیشی "مامە ریشە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکان چووەتە سووریا و لەوێ لەگەڵ بزووتنەی ئازادیی فەڵەستین بەشداریی جەنگی کردووە دژی ئیسرائیل، بۆیە ئێمە هەمیشە شانازیی پێوە دەکەین"ٚ.
نیشتمان حەسەن، هاوژینی مامەڕیشە راگەیاند "من تەنیا ساڵ و نیوێک لەگەڵ مامەڕیشە ژیاوم، چونکە ئەویش پێشمەرگە بوو، کاتی نەبوو باسی هەموو وردەکارییەکانی ژیانیم بۆ بکات، بەڵام هەمیشە باسی ئەوەی بۆ دەکردم کە چووە بۆ فەڵەستین و لەوێ شەڕی کردووە دژی ئیسرائیل، هەمیشە دەیگوت بزانم لە هەر شوێنێک هەر گەلێک ستەمی لێدەکرێت، ئامادەم خۆمیان پێ بگەیێنم و هەمیشەش لەپێناو گەلەکەم دەجەنگم".
هاوژینی مامەڕیشە ئاماژەی بەوەش کرد "مامە ریشە جێگەی شانازیی من و هەموو کوردێکە و بۆ هەمیشە لە یادی من و هەموو ئازادیخوازان دەمێنێتەوە".
لە ساڵانی کۆتایی چلەکان تاوەکو ساڵی 1975 ژمارەیەک لە پێشمەرگە و کوردانی باشووری کوردستان بەشداریی جەنگی فەلەستینیان دژی ئیسرائیل کردووە و 12 کەسیان شەهیدبوون، کە تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان لە شاری حەنەینی فەڵەستینە، هەروەها دەیان کەسیشیان برینداربوون و شۆڕشی فەڵەستینیان بە شۆڕشی ئازادی ناوبردووە.
مامەڕیشە، ناوی نەجمەدین شوکور رەئووفە و ساڵی 1955 لەدایکبووە. لە ساڵی 1972 چووەتە سووریا و لە رۆژئاوای سووریا و باشووری لوبنان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ریزەکانی بزووتنەوەی ئازادیی فەڵەستین وەکو خۆبەخشی عێراقی جەنگاوە دژی سوپای ئیسرائیل، لە ساڵی 1977 گەڕاوەتەوە کوردستان و تاوەکو ساڵی 1985 پێشمەرگە بووە لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و لەو ساڵەشدا شەهیدبووە.
رووداو
