بازاڕی سیمی هەولێر دەگوازرێتەوە

بازاڕی سیمی هەولێر دەگوازرێتەوە
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دووکانەکانی بازاڕی سیمی هەولێر لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتیی نۆژەندەکرێنەوە و بازاڕەکەش بۆ شوێنێکی گونجاو دەگوازرێتەوە.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، بەهۆی ئاگری بازاڕەکەوە زیاتر لە 230 دووکان زیانیان بەرکەوتووە، لیژنەیەکیش بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی بازاڕەکە پێکهێنراوە و گەیشتوون بە دوو بڕیار، کە ئەمانەن:

1- بۆ یارمەتیدانی کاسبکاران، ئەوانەی لە ئاکامی ئاگرکەتنەوەکە زەرەرمەند بوون، هەروەها بۆئەوەی کاری خەڵک نەوەستێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی کاتی ئەو دووکانانەی کە سووتاون نۆژەنبکرێنەوە.

2- بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە و دروستکردنی بازاڕێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بە میکانیزمێکی گونجاو و رەزامەندیی کاسبکاران، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەو شوێنەی کە دەستنیشان دەکرێت بۆیان، تەواوی خزمەتگوزارییەکانی وەکو تۆڕەکانی ئاو، کارەبا، قیرتاوکردنی شەقامەکانی، سیستەمی بەرگریی شارستانی، لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینبکرێت.

بەرەبەیانی رۆژی 24ی تەممووزی 2020 ئاگر لە بازاڕی سیمی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە دووکانەکانی بازاڕەکە زیانیان بەرکەوت و سووتان؛ تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە شەش کاژێر ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد و زیانەکانیش بە سێ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن.













رووداو
Top