حکوومەت روونکردنەوە لە بارەى یاساى چاکسازى دەدات
د. جووتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رايگەیاند "لیژنەیەکى باڵا بۆ جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى پێک هێندراوە، بە سەرۆکایەتى سەرۆکى حکوومەت و بە ئەندامیەتى جێگرى سەرۆکى حکوومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، دوو پەیڕەو بۆ یاساکە دەرکراون، پەیڕەوێک بۆ دروستکردنى سندوقى خانەنشین و پەیڕەوێکیش بۆ مەرجەکانى دامەزراندنى پلە باڵاکان، هەروەها خشتەیەک داندراوە سەبارەت بەو رێکارەى پێویستە هەر وەزارەتێک بۆ جێبەجێکردنى یاساکە بیگرێتەبەر".
گوتیشى "ئێستا لە رێگەى سیستەمى تۆمارى بایۆمەترییەوە، پاککردنەوەى لیستى خانەوادەى شەهید و ئەنفال و زیندانى و راگیراوانى سیاسى دەستى پێکردووە، هەروەها دەستیان بە كار كردووە بۆ ئەوەی وەزارەتى پێشمەرگەش لە چوارچێوەى رێکخستنەوەى یەکەى ژمێریارى، بندیوارەکان نەهێڵێ، بۆ پرسى پاسەوانیش رێکخستنەوە دەستى پێکردووە، یەک بەرێوەبەرایەتى دادەمەزرێ سەر بە وەزارەتى ناوخۆ دەبێت، تاکە مەرجەع دەبێت بۆ دانان و دەستنیشانکردنى پاسەوان بۆ بارەگا و بەرپرسەکان، ئەویش بەپێى پێویست".
جووتیار عادل فەرمانبەرانى شایستەی دڵنیا كردەوە كە لە یاساى چاکسازیدا ماف و شایستە داراییەکانیان دەستکارى ناکرێ و گوتی "فەرمانبەرى شایستە مووچە و دەرماڵە وەردەگرن، دەستکارى ماف و شایستە داراییەکانیان ناکرێ، بەڵام هەندێک دەرماڵەى ناشایستە بە هەندێک کەس دراوە، پێداچوونەوە بەوانە دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک یاساى چاکسازى بۆ ئەوە نییە زیان بە فەرمانبەران بگەیەندرێ، بەڵکو بۆ هێنانەدى دادپەروەریە، بۆ جێگیرکردنى ئەو فەرمانبەرانەیە کە بە شایستە مووچە وەردەگرن، ئێمە دەمانەوێت بندیوار نەمێنێت، هەروەها چەند مووچەیى نایاسایى نەمێنێت".
گوتەبێژى حکوومەت جەختیشى کردەوە كە حکوومەت دەستى داوەتە چاکسازى گرنگ و لیژنە پێکهاتووە بۆ بەدواداچوونى گرێبەستەکانى نەوت و گرێبەستى خاڵە سنووریەکان، لە هەموو کەرتەکاندا چاکسازى دەکرێ، لە كەرتەكانی نەوت و پیشەسازى، کەرتى دارایى، کارگێڕى و خەرجییەكان، چاکسازى هەموو جومگە سەرەکییەکان دەگرێتەوە.
باسنيوز
