هێزێكی ئێرانی ٢٦ سەر ئاژەڵی خەڵكی سیدەكان دەبەن و دەیفرۆشن
لەمبارەوە ئیسحان چەلەبی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، رایگەیاند: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن دانیشتوانی گوندی "ژیلیا"ی سەر بە ناحیەی سیدەكان ئاگادار كراینەوە كە سوپای پاسداران 26 سەر چێل و مانگای ئەوانی بە بیانووی بەزاندنی سنوور بردووە و ئاودیوی وڵاتەكەیان كردووە، بەپێی زانیارییەكانمان دوای بردنی ئەم ئاژەڵانە بە شێوەی (مزایدە) واتە فرۆشتنی ئاشكرا فرۆشتیانە و بە موڵكی خۆیان زانیوە".
گوتیشی: "سەرووی خۆمان لەو بابەتە ئاگادار كردەوە و لەرێگەی بەشی یاسایی لە پارێزگای هەولێر بە فەرمی لەسەر ئەم بابەتە قسە لەگەڵ كونسوڵخانەی ئێران، هەروەها لەڕێگەی پاسەوانی سنوورەوە قسە لەگەڵ پاسەوانی سنووری ئێران كراوە، بە نووسراویەكی فەرمی لەڕێگەی پەیوەندییەكانەوە داوامان لە وڵاتی ئێران كردووە قەرەبووی ئەم هاووڵاتیانە بكرێتەوە كە ئاژەڵەكانیان براون".
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ئەوەشی ئاشكرا كرد: "هەرچەندە هیوایەك هەیە بەهۆی گوشارەكانەوە، حكوومەتی ئێران قەربووی ئەم هاووڵاتیانە بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچی فەرمی نییە و چاوەڕوانین".
باسنیوز
