وەزیری تەندروستی: سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پاڵپشتێکی باش بوون

وەزیری تەندروستی: سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پاڵپشتێکی باش بوون
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران تا ڕادەیەکی باش پاڵپشتیی دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنای کردووە و ئێمە هەرکاتێک لەمبارەوە داوامان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بووبێت، بێگومان دابینیان کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2020.7.28 د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا بۆ میدیاکان گوتی: "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی عێراق، هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە و بڕیارە بە گوژمەی یەک ملیاری دیکەی هاوکاری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکەن."

وەزیری تەندروستی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ڕۆژانی جەژن گوتی: "ئێمە پێشتر لە لیژنەی باڵای ڕووبوڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبوونەوەمان کردووە و هەتا ئێستا بڕیارەکان هەمان ئەو بڕیارانەن کە هەفتەی ڕابردوو ڕاگەیەندران، هەتا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکمان نەکردووە بۆ ڕێکاری پێویست، بۆیە دوای هەڵسەنگاندنەکان ئەگەر بڕیارێک هەبێت ئێمە ڕای دەگەیەنین، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆوە نییە".

د. سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، خەرجییەک و تەرخانکراوێکی ڕۆتینیی مانگانە بۆ هەموو بابەتەکان هەیە، بەڵام ئێستا زۆرترینی ئەو جەرجییانە بۆ کۆرۆنا تەرخان کراوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "چەند جارێک لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بودجەی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تەرخان کراوە، جاری یەکەم چوار ملیار، جاری دووەم چوار ملیار دینار و جارێ سێیەمیش دوو ملیار بۆ پارێزگاری سلێمانی، هاوکات بۆ هەولێر و دەربەندیخان و پێنجوێن بودجەی تابەت تەرخان کراوە، هاوکات سێ ملیار و نیویشمان لەلایەن بەغدا پێ گەیشتووە و بەڵێنیی دانی دوو ملیاری دیکەشیان داوە کە یەک ملیاری گەیشتووە و بڕیارە ئەو ملیارەکەی دیکەش بگات کە ئەمە بودجەی تایبەتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا".

وەزیری تەندروستی ڕاشی گەیاند: "بودجەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ تەندروستی نەبووە، بەڵکوو بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکانیش بووە، بەڵکوو ئەوانیش بودجەی پێویستیان بۆ کەرەنتینکردن و پێداویستییە لۆجستییەکانی ڕێکارەکان بۆ تەرخان رکاوە، بۆیە وای دەخەمڵێنین حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی باش پاڵپشتیی دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنای کردووە و ئێمە هەرکاتێک لەمبارەوە داوامان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بووبێت، بێگومان دابینیان کردووە".













باسنيوز



Top