لەسەر شەڕە منداڵ لە گەڕەکێکی هەولێر چوار کەس برینداردەبن
رووداوەکە کاژێر 01:30ـی نیوەڕۆ بووە، ئەو دوو منداڵەی شەڕیان کردووە دراوسێ بوون، دوای شەڕی ئەو دوو منداڵە، چوار کەس دەچنە سەر ماڵی منداڵێکیان و بە چەکی کڵاشینکۆف تەقە دەکەن بەو هۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن گوێزراونەتەوە. چەند ئەندامێکی ئەو خێزانەی هێرشکراوەتە سەریان رایانگەیاند، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەو ماڵە نەبووە جگە لە شەڕی ئەو منداڵانە. ئێستاش داوا دەکەن یاسا سەروەربێت. ئەندامێکی خێزانەکە گوتی "دەتوانین حەقی خۆمان بکەینەوە، بەڵام دەمانەوێت یاسا سەروەربێت".
دایکی یەکێک لە بریندارەکان داوای لە مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد ئەوانەی تەقەیان کردووە بیانداتە دادگا و بە سزای خۆیان بگەیێنێت.
دوو کەس لە تەقەکەرەکان دەستگیرکراون.
رووداو
