پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی سێ وەزیر کۆدەبێتەوە

پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی سێ وەزیر کۆدەبێتەوە
پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بە گوێرەی بەرنامەی کاری راگەیێندراو، بە ئامادەبوونی سێ وەزیر، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، خوێندنەوە بۆ راپۆرتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری دەکات.

لە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی سێشەممەی پەرلەماندا هاتووە، دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاریداوە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە کاژێر 10:00ـی بەیانی بەڕێوەبچێت. بەرنامەی کاری دانیشتنەکە کە دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانە بەمشێوەیە دەبێت:

یەکەم: خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری سەبارەت بە دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی (وەزیرانی دارایی و ئابووری، پلاندانان و هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا) لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی حوکمی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 66 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.

دووەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئەرکی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان) بەپێی حوکمی ماددەکانی (87،88،89) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.

دانیشتنەکەی پەرلەمان بەپێی حوکمی ماددەی (5) و بڕگەکانی (یەکەم و دووەم) لە ماددەی 16 و بڕگەی سێیەم لە ماددەی 18 و بڕگەکانی ( یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەم) لە ماددەی (20) و ماددەکانی (47،48،52،54،55،56،57)لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێنج تەوەرکۆبووەوە، کۆبوونەوەکە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی داخراو بەردەوامە و هەموو فراکسیۆنەکان، جگە لە کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشدارن.













رووداو
Top